فەرەنسا سێ ژن و 10 منداڵی لە کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان گەڕاندنەوە

رووداو دیجیتاڵ

داواکارانی گشتیی دژەتیرۆری فەرەنسا رایانگەیاند، رۆژی سێشەممە فەرەنسا سێ ژن و 10 منداڵی لە کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان گەڕاندووەتەوە کە گومانیان لێدەکرێت پێشتر لە نێو داعشدا بووبن.
 
زیاتر لە پێنج ساڵ دوای تێکشکاندنی خەلافەتی داعش، هێشتا دەیان هەزار کەس لە کەمپ و زیندانەکانی حەسەکەدا ماون کە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) چاودێرییان دەکات.
 
زۆربەی ئەو کەسانە گومانیان لێ دەکرێت پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووبێت.
 
تەمەنی ژنەکان لەنێوان 18 بۆ 34 ساڵدایە.
 
بەگوێرەی یەکەی دژەتیرۆری فەرەنسا (PNAT)، دوو لە ژنەکان لەگەڵ گەیشتنەوەیان بە فەرەنسا، دەستبەسەرکراون، لەکاتێکدا سێیەمیان تۆمەتبار کراوە، بەڵام دەستگیر نەکراوە.
 
یەکەی دژەتیرۆری فەرەنسا رایگەیاند، 10 منداڵەکە رادەستی فەرمانگەکانی چاودێریی منداڵان کراون و لەژێر چاودێریی یەکەکە و نووسینگەی داواکاری گشتیی خۆجێییدا دەبن.
 
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا سوپاسی "حکومەتی راگوزەری سووریا و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا"ی کرد لە بەرامبەر ئاسانکاریکردنیان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتییە فەرەنسییانە. 
 
بەگوێرەی کۆمەڵەی "خێزانە یەکگرتووەکان"، کە نوێنەرایەتیی خێزانی هاووڵاتییە فەرەنسییەکانی نێو کەمپ و زیندانەکانی رۆژئاوای کوردستان دەکات، تاوەکو مانگی حوزەیران، نزیکەی 120 منداڵ و 50 ژنی فەرەنسی لە کەمپەکاندا مابوونەوە؛ کۆمەڵەکە سەرکۆنەی دەستبەسەرکردنی منداڵانی کرد کە "هیچ تاوانێکیان نییە".
 
لە مانگی شوباتدا، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان، ئامانجیانە تاوەکو کۆتایی ساڵ کەمپەکان چۆڵ بکەن.
 
بەڵام گەڕاندنەوەی دانیشتووانی نێو کەمپەکان پرسێکی سیاسیی هەستیارە لە فەرەنسا، لەبەرئەوەی لە 10 ساڵی رابردوودا، وڵاتەکە چەند جارێک بووەتە ئامانجی هێرشەکانی داعش، بەتایبەتی لە ساڵی 2015، کاتێک هێرشکرایە سەر هۆڵی کۆنسێرتەکانی باتاکلان و یاریگەی نیشتمانی.
 
ساڵی 2022، دادگەی باڵای مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا سەرکۆنەی فەرەنسای کرد لە بەرامبەر رێگەنەدان بە گەڕاندنەوەی دوو ژن کە دوای چوونە پاڵ هاوژینە داعشییەکانیان لە رۆژئاوای کوردستان دەستبەسەر کرابوون.
 
لە دۆسیەیەکی جیادا، رۆژی دووشەممە دادگاییکردنی سێ ژن لە پاریس دەستیپێکرد، کە تۆمەتبارن بەوەی چوونەتە سووریا کردووە بۆ ئەوەی بچنە نێو ریزەکانی داعش و 8 منداڵیشیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە.