ترەمپ: هیلاری مادەی وزەبەخش بۆ بەشداری دیبەیتەكان بەكاردەهێنێت
رووداو - واشنتن
دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، هیلاری پێش دیبەیتەکان دەرمانی وزەبەخشی بەکارهێناوە و دەبێت پێش دوایین دیبەیت پشکنینی تەندرووستی بۆ بکرێت. لەبەرامبەردا هیلاری رایگەیاند، لێدوانەکانی ترەمپ هیچ گرنگییەکیان نییە، چونکە ئەو شیاوی ئەوە نییە ببێتە سەرۆکی ئەمریکا و گونجاویش نییە بۆ وەرگرتنی پۆستی فەرماندەی گشتی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا.
دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەكان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا رایگەیاند، هیلاری کلینتن، کاندیدی دیموکراتەكان دەرمانی وزەبەخش بەکاردەهێنێت، تاوەكو بتوانێت بەشداری دیبەیتەکان بکات.
لەوە زیاتر ترەمپ داوایکرد، بەر لە بەڕێوەچوونی دیبەیتی رۆژی 19ی ئەم مانگە، هیلاری بخرێتە ژێر پشکنینی پزیشکییەوە "تاوەكو ئەو راستییە بۆ هەمووان بسەلمێنرێت".
لەمیانی گوتارەکەیدا ترەمپ تیشکی خستە سەر ئەو نامە ئەلیکترۆنییانەی هیلاری کە ویکیلیکس بڵاویکردنەوە و گوتی "هیلاری لەماوەیەکی زۆر کەمدا 33 هەزار نامەی ئەلیکترۆنی خۆی سڕییەوە، بەبێ ئەوەی هیچ کەس و لایەنێک لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکات.
ترەمپ گوتیشی "دەبێت نەک تەنیا لێپێچینەوە لەگەڵ هیلاری بکرێت بەڵکو دەبێت بشخرێتە زیندانەوە".
لە وەڵامدا هیلاری کلینتن دەڵێت "ئەنجامدانی هەڵمەتی هەڵبژاردن لەبەردەم کەسێکی مەترسیدار و رەشبینی وەک ترەمپ کارێکی ئاسان نییە. بەدرێژایی تەمەنم سەرۆک و کاندیدانی پارتی کۆماری زۆرم ناسیوە و جیاوازی بیرووبۆچوون لەسەر سیاسەتەکانمان هەبووە، بەڵام هەرگیز گومانم نەبووە لە ویستی ئەوان بە خزمەتکردنی وڵات. بەڵام خەڵکینە بەڕاستی پێتان بڵێم، دۆناڵد ترەمپ شیاوی ئەوە نییە ببێتە سەرۆکی ئەمریکا و گونجاویش نییە ببێتە فەرماندەی گشتی هیزە چەکدارەکانی ئەمریکا".
ئاماژەکانی تایبەت بە رێژەی لایەنگری کاندیدەکانی پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا پیشانیدەدەن، کە دۆناڵد ترمپ، کاندیدی کۆماری لایەنگری خۆی لە هەندێ ویلایەتی سەرەکی ئەمریکا لەدەستدەدات، بەڵام وێڕای ئەوەش ترەمپ هێشتا بەردەوامە لەسەر هەڕەشەکانی لەسەر هیلاری.
بەگوێرەی راپرسییە سەرەتاییەکان، بەتێکڕا هیلاری بە چوار خاڵ پێش ترەمپ کەوتووە و بە چوار هەنگاو پێش ترەمپ کەوتووە لە رێگەکەیان بەرەو کۆشکی سپی، کۆشکی سەرۆکایەتی ئەمریکا.