بایدن داوا لە ئیسرائیل دەکات لە غەززە نەمێنێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دەداتە ئیسرائیل لە مانەوەی لەنێو کەرتی غەززە، دوای ئەوەی سوپاکەی چووە نێو ئەو ناوچەیەی فەلەستینەوە. ئیسرائیلیش دەڵێت، "نیازێکی وامان نییە."
 
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی؛ جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، "داوا دەکەم ئیسرائیل دان بەخۆدا بگرێت. ئیسرائیل هەڵەیەکی گەورە دەکات ئەگەر غەززە داگیر بکات. ماوەیەکی زۆرە هێزەکانی ئیسرائیل هۆشداریی هێرشێکی زەوینی بۆ سەر غەززە دەدەن و بە خەڵکەکەی دەڵێن کە بۆ سەلامەتیی خۆیان بچنە باشووری کەرتەکە."
 
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، "قەیرانی مرۆیی لە ناوچەکە لە گەورەبووندایە و داوا دەکەم هاووڵاتییانی سڤیل بپارێزرێن. ئەمریکا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی خۆراک و ئاو و سووتەمەنی."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی بایدندا هاتووە، "ئەوەی لە غەززە روودەدات بەهۆی حەماسەوەیە، بەڵام حەماس نوێنەرایەتیی هەموو خەڵکی فەلەستین ناکات. پێموایە حەماس دەبێت لەنێوببرێت، بەڵام مەرجە دەسەڵاتی فەلەستینیش هەبێت؛ مەرجە رێگایەک هەبێت بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین."
 
بایدن لە قسەکانی هیچ ئاماژەی بە "ئاگربەست" نەدا و گوتی، "جیاوازییەکی بنەڕەتی هەیە. ئیسرائیل بەدوای گرووپێک کەوتووە کە خەریکە هەمان ئەنجام و کارەساتی هۆڵۆکۆست دووبارە دەکاتەوە." ئاماژەی بەوەش کرد، "بۆیە پێموایە ئیسرائیل دەبێت وەڵام بداتەوە. دەبێت بەدوای حەماسدا بڕۆن. حەماس کۆمەڵێکی ترسنۆکن. ئەوان لە پشت هاووڵاتییە سڤیلەکانەوە خۆیان حەشارداوە. ئیسرائیلییەکان دەبێت هەموو هەوڵێک بدەن بۆ ئەوەی خەڵکی سڤیلی بێتاوان نەکوژن."
 
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە "دەبێت رێڕەوێکی مرۆیی بۆ خەڵکە سڤیلەکە بکرێتەوە و پێداویستییەکانیان بۆ بڕوات. ئیسرائیلیش دەبێت رێز لە یاسای جەنگ بگرێت."
 
هەر لەو بارەوە مایکل هێرزۆگ، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا بە میدیای ئەمریکیی راگەیاند، "دوای کۆتاییهاتنی ململانێکان، ئیسرائیل نیازی داگیرکردنی غەززەی نییە. ئێمە هیچ خواستێکمان نییە بۆ بەڕێوەبردنی کاروبار و ژیانی زیاتر لە دوو ملیۆن فەلەستینی."
 
رۆژی 07-10-2023 ئیسرائیل جەنگی دژی بزووتنەوەی حەماس راگەیاند، ئەوەش دوای هێرشی ئەو بزووتنەوە چەکدارییە بۆسەر ئیسرائیل. تائێستا بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین، لانیکەم 2670 کەس "کە زۆربەیان سڤیل و زیاتر لە 720یان منداڵن" لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە.
 
بەگوێرەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، سەروو هەزار و 400 کەس لە ئیسرائیل بەهۆی هێرشەکانی حەماسەوە کوژراون و لانیکەم 3 هەزار و 400 کەس بریندارن.