چەکی لێزەری یاساکانی جەنگی درۆنی هەڵدەگێڕێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

درۆنەکان جەنگی سەردەمیان گۆڕی. بەڵام دەرکەوتنی چەکی لێزەری، رەنگە جارێکی دیکە یاساکان بگۆڕێتەوە.
 
درۆنی بچووک و هەرزان دەتوانن گەشتەکان پەکبخەن، ژێرخان وێران بکەن و گۆڕەپانی جەنگ بکەنە کابووسی نێو کابووس. 
 
تێکشکاندنیان بە سیستمی بەرگریی مووشەکی و جووڵەپێکردنی فڕۆکەی جەنگی، کات و پارەی زۆری دەوێ. 
 
چەکی لێزەری، رووناکی چڕدەکاتەوە و دەیگرێتە ئامانجێک تاوەکو پەکی بخات. 
 
دەستبەجێ و بە وردی دەیپێکێت و دەتوانێ لە چەند چرکەیەکدا دەیان جار تیشکەکەی لێ بدات، بێ ئەوەی تەقینەوە و گرمەی گەورەی لێ دروست بێت. 
 
پەرەپێدەرانی سیستمی بەرگریی لێزەری دەڵێن، چەکەکە دەتوانێ تێچووی بەرپەرچدانەوەی هێرشە درۆنییەکان لە سەدان و ملیۆنان دۆلارەوە بۆ تەنیا دەیان دۆلار کەم بکاتەوە.
 
ئەمە وادەکات تێکشکاندنی هێرشی کۆمەڵە درۆن هەرزانتر بکەوێ، بە جۆرێک کە ئاراستەکردنی هەر گورزە تیشکێکی لێزەری، دوو بۆ 10 دۆلاری تێدەچێت. 
 
وڵاتان، لە ئیسرائیلەوە تاوەکو ئەورووپا و کەنداو، ئێستا سیستمی لێزەر تاقیدەکەنەوە، بۆئەوەی لە پاراستنی فڕۆکەخانە، بنکە سەربازییەکان و شارەکاندا بەکاریبێنن.
 
لێزەرەکان بۆ هەر هێرشێک خێرا و هەرزانن، بەڵام پێویستیان بە وزە و ئاسۆی روونە. توانایان لە کاتی باران، تەم و خۆڵباریندا دادەبەزێ. 
 
ئەم سیستمانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی درۆن و مووشەکی مەودا کورت نموونەیین، بەڵام جێگرەوەیەکی تەواو نین بۆ سیستمی بەرگریی مووشەکیی دوورمەودا. 
 
بەهۆی ئەوەی بەرپەرچدانەوە بە لێزەر هەرزان و خێرایە، هێرشکاران ناچار دەبن دووبارە بیر لە هێرشی بەکۆمەڵی درۆنەکان بکەنەوە و هاوکێشە ئابوورییەکانی ململانێی ئاسمانی بگۆڕن. ئەمەش هاوسەنگی هێز لاسەنگ دەکات. سەنگی  هێز بەلای ئەوانەدا دەکەوێت کە باشترین سیستمی بەرگرییان هەیە، نەوەک هێرشکردن.
 
لێزەرەکان کۆتایی بە شەڕی درۆن ناهێنن، بەڵام دەتوانن ئابووری، تەکتیک و شێوازە بەرگرییەکانی بگۆڕن. پێشبینی دەکرێ لە ساڵانی داهاتوودا وڵاتانی زیاتر پەنا بۆ ئەم چەکە نوێیە ببەن.