وەزیری دارایی سووریا بۆ رووداو: پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمریکا باشتر دەبێت و کۆمپانیاکانیان دەگەڕێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی سووریا بە رووداوی گوت، پەیوەندییان لەگەڵ ئەمریکا باشتر دەبێت و کۆمپانیاکانیان دەگەڕێنەوە وڵاتەکە. دەشڵێت، بەهۆی ئەو قەرزانەی لەسەریانە، تاوەکو دەکرێت چاکسازی نێوخۆیی دەکەن و پشت بە کەرتی تایبەت دەبەستن.
لە هۆڵێکی تایبەتدا کە دەکەوێتە باڵەخانەی یەکەمی سندووقی نەختینەی دراوی نێودەوڵەتی، بە ئامادەبوونی وەزیری دارایی سووریا باس لە سیستمی دارایی سووریا و قۆناخی نۆژەنکردنەوەی وڵاتەکە دەکرێت.
خەڵکێکی زۆر پەرۆشە بزانێت، وڵاتێک کە بۆ چەندین ساڵە لە شەڕدا بووە و هێشتاش بەتەواوەتی لە لێوارەکانی شەڕ دوورنەکەوتووەتەوە، چۆن ئەم قۆناخە تێدەپەڕێنێت.
رووداو کە لە هۆڵەکە ئامادەبوو، ئەو پرسیارانەی ئاراستەی وەزیری دارایی سووریا کرد، بەتایبەتیش پرسی وەرگرتنی قەرزی زیاتر و سزاکانی ئەمریکا.
یاسر بەرنییە، وەزیری دارایی سووریا بە رووداوی راگەیاند: ''پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا رۆژ لەدوای رۆژ باشتر دەبن، هەوڵ دەدەین پێشانیان بدەین ئێمە هاوبەشێکی جیدین. پڕۆگرامێکی جیدیی چاکسازیمان هەیە و دەمانەوێت لە نزیکەوە کاریان لەگەڵ بکەین. سەبارەت بە دارایی گشتیمان، کارێکی زۆرمانکردووە بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی دارایی، ئەمەش پەیام و نیگەرانیی سەرەکیی ئەمریکایە، ئەمەش هاوکارمان دەبێت بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانمان. ئێستا هیچ خواستێکمان نییە بۆ قەرزکردن، بەڵکو سەرنجمان لەسەر بە دیسپلینکردنە، بێگومان مەبەستی من ئەوە نییە کە قەرزکردن بەتەواوەتی رەتبکەینەوە، بەڵکو ئێستا خواستێکی وامان نییە، دەمانەوێت دڵنیابین ئێستا ماڵەکەمان رێکدەخەینەوە، بۆیە رەنگە تەنیا بۆ ئەو پڕۆژە ستراتیجییانە قەرز بکەین کە کەرتی تایبەت بەلایانەوە سەرنجڕاکێش نییە.''
هەرچەندە قسەکانی وەزیری دارایی سووریا پڕ بوون لە هیوا و باشتربوونی دۆخەکە، بەڵام لە نێوهۆڵەکەدا ئەو بۆچوونەش هەبوو کە بنیادنانەوەی سووریا و پشتبەستن بە وەبەرهێنانی بیانی کارێکی ئاسان نییە، بەتایبەتیش کە هێشتا سزاکان بەتەواوەتی لەسەر سووریا لانەبران، ئاسایشی سووریا بەتەواوەتی سەقامگیر نییە، بەڵام ئەگەر حکومەتی سووریا جیدیبێت لە چاکسازی و خۆگونجاندنی لەگەڵ رێکارە نێودەوڵەتییەکان، دەکرێت پرۆسەی بنیادنانەوەی سووریا خێراتربکرێت.
ئەنەس ئەلمەهدی، بازرگانە و دەڵێت: ''بەبۆچوونی من ئاستەنگی هەرە گەورە کە لێرەش باسی لێوەکرا سزاکانن، هێشتا ناڕوونی لەبارەی سزاکانەوە هەیە، ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیا و رێکخراوی نێودەوڵەتی هەن کە هێشتا دڵنیانین لەوەی دەتوانن لە سووریا کاربکەن، ئەمە چ کاریگەری لەسەریان نابێت، بۆیە پێموایە وەک هەنگاوی سەرەتا، دەبێت روونییەک لەبارەی سزاکان هەبێت، یانیش دڵنیابکرێتەوە کە تەواوی سزاکان لابراون، هەنگاوی دووەم ئەوەیە، جێگیربوونی دامەزراوەکانە لە سووریا، ئاستەنگەکەش ئەوەیە کە کۆمپانیایەک دەیەوێت بچێتە سووریا، دەیەوێت لە کوێ دەستپێبکات، چوارچێوەو زەمینەکە لەبارە یان نا.''
لە مانگی ئایاری ئەم ساڵ، قەتەر و سعودیە نزیکەی 15 ملیۆن دۆلار قەرزی سووریایان دایەوە بە گرووپی بانکی جیهانی، ئەمەش وایکرد، سووریا بتوانێت قەرزی دیکە وەربگرێت، بەڵام وەزیری دارایی سووریا دەڵێت، هێشتا قەرزی دیکەیان لەسەرە، بۆیە چاویان لەوە نییە قەرزی زیاتر بکەن، بەڵکو تاوەکو دەکرێت چاکسازی نێوخۆیی دەکەن و پشت بە کەرتی تایبەت دەبەستن.