پەرلەمانتارانی ئەورووپا پێشنیازی قەدەخەکردنی سۆشیاڵ میدیا بۆ خوار تەمەنی 16 ساڵ دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ 

پەرلەمانتارانی ئەورووپا داوای رێسای تووندتریان کرد بۆ پاراستنی منداڵان لەسەر ئینتەرنێت، لەنێویاندا دانانی تەمەنی 16 ساڵ لەسەر ئاستی یەکێتییەکە، وەک کەمترین تەمەن، بۆ بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا و بەرنامەکانی ژیریی دەستکرد، بەبێ رەزامەندیی دایک و باوک.
 
لە راپۆرتێکدا کە لەلایەن لیژنەی بازاڕی ناوخۆ و پاراستنی بەکاربەری پەرلەمانی ئەورووپاوە پەسەندکرا، رۆژی پێنجشەممە 16-10-2025، پەرلەمانتاران پێشنیازیان کرد کە هیچ منداڵێکی خوار تەمەنی 13 ساڵ رێگەی پێنەدرێت سۆشیاڵ میدیا بەکاربهێنێت، چ بە رەزامەندیی دایک و باوکی بێت یان بەبێ رەزامەندییان.
 
هەروەها داوایان کرد سزا و قەدەخەکردن بسەپێنرێت بەسەر ئەو پلاتفۆرمانەی کە پابەندی رێساکانی یەکێتیی ئەورووپا نابن، بۆ پاراستنی منداڵان لە چوارچێوەی یاسای خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان (DSA)، ئەمەش لە کاتێکدایە کە نیگەرانییەکان سەبارەت بە کاریگەریی تەکنەلۆژیای ئۆنلاین لەسەر تەندروستیی دەروونی و سەلامەتیی منداڵان زیادیکردووە.
 
کریستێل شاڵدیمۆس، پەرلەمانتاری دانیمارکی لە پەرلەمانی ئەورووپا، کە سەرپەرشتیی دەستپێشخەرییەکەی دەکرد، گوتی: "پێویستمان بە بەربەستێکی بەرزترە بۆ چوونە نێو سۆشیاڵ میدیا. دووەم، پێویستمان بە گەرەنتیی بەهێزترە بۆ منداڵان کە خزمەتگوزارییە ئۆنلاینەکان بەکاردەهێنن."
 
بۆ سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە نێوەڕۆکی زیانبەخش، پەرلەمانتاران پشتیوانیی خۆیان بۆ قەدەخەکردنی ئەو لۆگاریتمانە دەربڕی، کە پشت بە کارلێکی بەکارهێنەر دەبەستن، هەروەها داوایانکرد تایبەتمەندیی دیزاینی ئاڵوودەکەر و میکانیزمە قومارئاساکان وەک "لووت بۆکس" لەو یارییانەی منداڵان دەتوانن بیکەن، رابگیرێن.
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، دەبێت پلاتفۆرمەکان رێگرییان لێبکرێت لەوەی پارە لە بەرامبەر ئەو دیاردەیەدا وەربگرن، کە بە "کاریگەریی منداڵان" (kidfluencing) ناسراوە، کە تێیدا منداڵان وەک ئینفلۆنسەر کاردەکەن.
 
پێشنیازەکە بە زۆرینەی دەنگ لە لیژنەکەدا پەسندکرا و بڕیارە لە دانیشتنی گشتیی پەرلەماندا لە نێوان 24 و 27ـی تشرینی دووەمدا بخرێتە دەنگدانەوە.
 
ئەم هەوڵەی پەرلەمانتاران پاڵنەرێکی دیکەیە بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی زیاتر لەسەر ئاستی یەکێتیی ئەورووپا بۆ قەدەخەکردنی بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا لەلایەن منداڵانەوە، کە لە رێسا تووندەکانی پێشووی یەکێتییەکەش بۆ رێکخستنی بواری دیجیتاڵی زیاتر دەڕوات.
 
ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا لە نزیکەوە پشتیوانیی هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەکات و بڕیارە لیژنەیەکی شارەزایان تاوەکو کۆتایی ساڵ راپۆرتێک لەسەر ئەو رێوشوێنانە پێشکەش بکات، کە دەکرێت لەسەر ئاستی یەکێتیی ئەورووپا بگیرێنەبەر.