لە پارێزگای شانشی چین ئاگر کەوتەوە و 25 کەس گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا لە کۆمپانیایەکی خەڵووز لە چین، تائێستا 25 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 51 کەس رەوانەی نەخۆشخانە کراون. بەرپرسان دەڵێن، ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکراوە و لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکەی بەردەوامە.
رۆژی پێنجشەممە، 16-11-2023، میدیای فەرمیی چین بڵاویکردەوە، "ئاگرێک لە باڵەخانەیەکی پارێزگای شانشی کەوتووەتەوە و تا ئێستا 25 کەس بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، هەروەها بە دەیانی دیکە رەوانەی نەخۆشخانە کراون".
هەروەک لە میدیای چین هاتووە، ئاگرەکە لە باڵەخانەیەکی چوار نهۆمی لە شاری لویلانگ بووە، کۆمپانیایەکی خەڵووز لەو باڵەخانەیە بووە. تا ئێستا 65 کەس لەنێو ئاگرەکە رزگارکراون و 51یان رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
بەرپرسێکی شارەکە رایگەیاند، "ئاگرەکە کۆنتڕۆلکراوە، رزگارکردنی کارمەندانی کۆمپانیاکە هێشتا بەردەوامە و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرەکە دەکرێت".
ڤیدیۆیەکی کاتی سووتانی کۆمپانیاکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە و دەردەکەوێت، بە دەیان کەس لە گەراجی دەرەوەی کۆمپانیاکە سەیری ئاگرەکە دەکەن.
لە مانگی 7ی ئەمساڵ، بەهۆی داڕووخانی بنمیچی هۆڵێکی لەشجوانی لە باکووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە، 11 کەس گیانیان لەدەستدا. مانگێک پێش ئەو رووداوە، لە باکووری رۆژئاوای چین، تەقینەوەیەک لە رێستۆرانتێک روویدا و بووە هۆی کوژرانی 31 کەس.
مانگی چواریش، لە شاری بەیجینگی پایتەخت نەخۆشخانەیەک ئاگری گرت و 29 کەس گیانیان لەدەستدا. دڵتەزێنترین رووداویش لە ساڵی 2015 بوو کە تەقینەوەیەکی گەورە کۆگایەکی کیمیایی لە شاری تیانجین هەژاند و بووە هۆی مردنی 165 کەس.