مانگی سووری لیبیا: چوار کۆچبەر لە ئەنجامی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێک گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ
 
مانگی سووری لیبیا دەڵێ، لە کەناراوەکانی وڵاتەکە 2 بەلەم بە 95 کۆچبەرەوە ژێرئاوکەوتوون و لە ئەنجامدا 4 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە. 
 
رۆژی یەکشەممە، 16ی تشرینی دووەمی 2025، مانگی سووری لیبیا بڵاویکردەوە، لە کەناراوەکانی وڵاتەکە بەلەمێک بە 26 کۆچبەری بەنگلادیشییەوە ژێرئاوکەوت و چواریان گیانیان لەدەستدا، ئەوانەی دیکە رزگارکران.
 
لیبیا بووەتە یەکێک لەو رێگایانەی کۆچبەران بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەورووپا بەتایبەت ئیتاڵیا و یۆنان و لەوێشەوە بۆ وڵاتانی دیکە بەکاری دەهێنن. 
 
رێکخراوەکە دەڵێ، بەلەمێکی دیکەش بە 69 کۆچبەرەوە ژێرئاوکەوت، بەڵام هەموویان رزگارکران؛ لەنێو بەلەمەکەدا 2 هاووڵاتی میسری هەبوون و ئەوانەی دیکەش سوودانی بوون. 
 
بە گوێرەی کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، ئەم ساڵ لە دەریای نێوەڕاستدا لانیکەم هەزار و 700 کەس گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشووێن بوون. بە گوێرەی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، لە ساڵی 2014ەوە لانیکەم 33 هەزار کۆچبەر لە دەریای نێوەڕاست تووشی هەمان چارەنووس بوون.