وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا رێککەوتن هەندێک ئاسانکاری بۆ پەناخوازان بکەن

 
رووداو دیجیتاڵ 

وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا رێککەوتن هەندێک ئاسانکاریی لە سیستمی وەرگرتنی پەناخوازاندا بکەن. 
 
رۆژی پێنجشەممە 15ی کانوونی یەکەمی 2022، پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا و ئەنجوومەنی یەکێتیییەکە رێککەوتن لەسەر باشترکردنی شێوازی وەرگرتنی ئەو پەناخوازانەی پێویستیان بە پاراستنی نێودەوڵەتی هەیە، لەوانەش کەمکردنەوەی ماوەی وەرگرتنی مۆڵەتی کار و هەروەها ئاسانکاریی زیاتر لە جموجۆڵی پەناخوازان لە سنووری وڵاتانی یەکێتییەکەدا. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی پەرلەمانی ئەوروپا، پەناخوازە تۆمارکراوەکانی نێو سنووری وڵاتانی ئەوروپا بۆیان هەیە لە ماوەی شەش مانگی یەکەمدا دەست بە کارکردن بکەن کە لە رابردوودا نۆ مانگ بووە، هەروەها میکانیزمی تێکەڵبوون بە کۆمەڵگەی ئەوروپی ئاسانتر دەکرێت. 
 
هەروەها وڵاتانی ئەوروپا رێککەوتوون لەسەر ئاسانکاریی و باشکردنی دۆخی ژیانی پەناخوازان لەوانە؛ دابینکردنی شوێنی مانەوە و چاودێریی تەندروستی، بەڵام یەکێتیی ئەوروپا ئاشکرای کردووە ئامانج لە بڕیارە نوێیەکان رێگریکردنە لەوەی کاتێک پەناخوازێکی نوێ لە وڵاتێک ناوی تۆمار دەکرێت، بۆی نییە، بچێتە وڵاتێکی دیکە هەتا کەیسەکەی یەکلادەکرێتەوە.
 
لە درێژەی راگەیێندراوەکەی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپادا هاتووە، "پەناخوازان دەبێ لەماوەی کەمتر لە شەش مانگدا لە رۆژی ناو تۆمارکردنەوە رێگەیان پێبدرێت کار بکەن، لەجیاتی رێکارەکانی ئێستا کە نۆ مانگە. هەروەها دەبێ دەستیان بگاتە کۆرسی فێربوونی زمان و پەروەردەی مەدەنی و مەشق و راهێنان." 
 
سەبارەت بەو پەناخوازانەی تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمترە، دەبێت لەماوەی 15 رۆژدا لەدوای پێشکێشکردنی داواکاری مافی پەنابەرێتی، سەرپەرشتیکارێکی بۆ بدۆزرێتەوە و لەماوەی کەمتر لە دوو مانگیشدا ناویان لە قوتابخانەدا تۆمار بکرێت. 
 
بەپێی راگەیێندراوەکە سەرجەم وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا، ماوەی دوو ساڵیان لەبەردەمە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە نوێیانە.