ترەمپ دەڵێت رێککەوتنی ئاشتیی ئۆکراینا "هەرگیز هێندەی ئێستا نزیک نەبووە"
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا "هەرگیز هێندەی ئێستا نزیک نەبووە"، ئەوەش دوای ئەوەی واشنتن رایگەیاند، گەرەنتیی ئەمنیی "هاوشێوەی ناتۆ"ی پێشكێش بە کیێڤ کردووە و بڕوای وایە مۆسکۆ قبووڵی دەکات.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، گفتوگۆی "زۆر درێژ و زۆر باشی" لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، هاوتا ئۆکراینییەکەی و سەرکردەکانی ناتۆ و وڵاتانی ئەورووپا، لەنێویاندا بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا هەبووە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە گفتوگۆکانی ئەم دواییەی نێوان بەرپرسانی ئەمریکا، زیلینسکی و ئەورووپییەکان لە بەرلین، ترەمپ لە نووسینگەی هێلکەیی بە رۆژنامەڤانانی گوت: "هەوڵدەدەین تەواوی بکەین و پێموایە ئێستا نزیکتر بینەوە".
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی: "گفتوگۆی زۆرمان لەگەڵ سەرۆک پووتین هەبووە و پێموایە ئێستا لە هەموو کات زیاتر لەیەکدی نزیکین".
کاتێک لێیان پرسی ئایا بەم دواییانە راستەوخۆ قسەی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا کردووە، ترەمپ وەڵامی دایەوە "بەڵێ، قسەم کردووە"، بەڵام وردەکاریی زیاتری نەخستە روو.
بەگوێرەی لێدوانەکان، ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە، لە بەرامبەر گەرەنتییە ئەمنییەکاندا، دەبێت ئۆکراینا رازی بێت بەوەی ئەو بەشانەی هەرێمی دۆنباس کە هێشتا بەدەستی کیێڤەوەن، بداتە رووسیا، ئەوەش شتێکە کە زیلینسکی پێشتر رەتیکردووەتەوە.
سەبارەت بەوەی ئۆکراینا چ هاندەرێکی دەبێت بۆ دەستبەرداربوون لە خاکەکەی، ترەمپ گوتی: "راستییەکەی، ئەوان پێشتر خاکەکەیان لەدەستداوە".
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەورووپا دەبێتە "بەشێکی گەورە" لە هەر گەرەنتییەکی ئەمنی، کە جارێکی دیکە پێشنیازی هێزێکی ئاشتیپارێزی فرەنەتەوەیی کردووە، سەرەڕای دژایەتیی رووسیا.
رووسیا لە شوباتی 2022ـەوە هێرشی کردە سەر ئۆکراینا، هێشتا کاردانەوەی بەرامبەر ئەو پێشنیازە نەبووە کە لەلایەن بەرپرسانی ئەمریکا، ئۆکراینا و ئەورووپاوە لە بەرلین تاوتوێ دەکرێت.
"هاوشێوەی ماددەی پێنج"
پێش لێدوانەکانی ترەمپ، بەرپرسانی ئەمریکا کۆبوونەوەکانیان بە ئەرێنی ناو بردبوو. ئەو کۆبوونەوانە بە بەشداریی ستیڤ ویتکۆف، دۆستی بازرگانیی سەرۆکی ئەمریکا و دانوستانکاری جیهانی، هەروەها جارید کوشنەر، زاواکەی ترەمپ کران.
بەرپرسەکان هۆشدارییان دا کە دەبێت ئۆکرایناش رێککەوتنەکە قبووڵ بکات، کە بە گوتەی ئەوان گەرەنتیی ئەمنیی هاوشێوەی ماددەی 5ـی ناتۆ دابین دەکات، کە هێرشکردنە سەر هەر هاوپەیمانێک بە هێرش بۆ سەر هەمووان دادەنێت.
بەرپرسێکی ئەمریکی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت گوتی: "بنەمای ئەو رێککەوتنە ئەوەیە گەرەنتیی زۆر زۆر بەهێزی هەبێت، هاوشێوەی ماددەی 5". گوتیشی: "ئەو گەرەنتییانە بۆ هەمیشە لەسەر مێز نابن".
ترەمپ پێشتر بەئەندامبوونی فەرمیی ئۆکراینای لە ناتۆ رەتکردووەتەوە و پشتیوانی لەو بۆچوونەی رووسیا کردووە کە هیواکانی کیێڤ بۆ چوونە نێو هاوپەیمانییەکە بە هۆکاری هێرشەکەی مۆسکۆ دادەنێت.
بەڵام بەرپرسێکی دیکەی ئەمریکا بڕوای خۆی نیشاندا کە رووسیا پشتیوانی لە رێککەوتنەکە دەکات و گوتی گەرەنتییە ئەمنییەکان "زۆر زۆر بەهێزن".
بەرپرسەکە گوتی: "پێموایە و هیوادارم رووسەکان سەیری بکەن و بە خۆیان بڵێن "ئەوە ئاساییە، چونکە ئێمە نیازی پێشێلکردنمان نییە".
بەرپرسە ئەمریکییەکە دانی بەوەدانا کە هیچ رێککەوتنێک لەسەر خاک نەکراوە، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد ئەمریکا لەگەڵ زیلینسکی بیرۆکەی "ناوچەی ئازادی ئابووری" لەو ناوچەیە تاوتوێ کردووە کە ئێستا جێگەی ناکۆکیی سەربازییە.