هێرشەکەی سەر هەولێر لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا تاوتوێ دەکرێ
رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەی لیژنەی یەکێتیی ئەوروپا و عێراق بۆ هاوکاریی گەشەپێدان لە برۆکسل بەڕێوەدەچێت و تێیدا نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا بەشدار دەبێت و دەڵێت، داوا لە یەکێتیی ئەوروپا دەکەن دژی هێرشەکانی سەر هەولێر هەڵوێستی هەبێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 17-01-2024، لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، کۆبوونەوەی لیژنەی یەکێتیی ئەوروپا و عێراق بۆ هاوکاری گەشەپێدان بە ئامادەبوونی شاندی عێراق و شاندی هەرێمی کوردستان بەرێوەدەچێت، لەنێویاندا د. ماهر جۆهان، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق و ئەحمەد بەرواری، باڵیۆزی عێراق لە برۆکسل لە شاندەکەی عێراق و سیروان محەممەد، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان و دلاوەر خالد ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا.
کۆبوونەکە کاژێر 11:30ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ دەستیپێکرد. دلاوەر ئاژگەیی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە ساڵی 2012ـەوە رێککەوتنێک لەنێوان عێراق و یەکێتیی ئەوروپا بۆ پەرەپێدان کرا؛ پەرەپێدان لە کەرتی ئاوەدانکردنەوە، ئابووری، سیاسی، خوێندنی باڵا، تەندروستی و هەموو ئەو کەرتانەی لە وڵاتدا گرنگن. بۆ ئەو مەبەستەش پێنج لیژنە پێکهێنران، بەڵام شەڕی داعش و ئاڵۆزی ناوچەکە کۆبوونەوەکانیان دواخست و لە رابردوودا تەنیا دوو کۆبوونەوە کران و ئەمڕۆ جارێکی دیکە کۆدەبینەوە و دەمانەوێت رێککەوتنەکە بخەنە سەرپێی خۆی.
ئاژگەیی دەڵێت، ئەوان هەوڵی زۆریان داوە تاوەکو توانیویانە نوێنەری هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکاندا هەبێت؛ گوتیشی، "بەشداربوونی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکاندا زۆر گرنگە".
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا ئاماژەی بەوە کرد، "رێککەوتنەکە بۆ هەرێمی کوردستان دەرفەتێکی زێڕێنە و دەتوانێت لە هەموو سێکتەرەکاندا ئەوەی پێویست بێت بەتایبەت لە بواری ئاوەدانکردنەوە و پیشەسازی گفتوگۆی لەسەر بکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یەکێتیی ئەوروپا تاوتوێی بکات".
رۆژی دووشەممە، 15-01-2024 ئێران بە چەند مووشەکێک هەولێری کردە ئامانج و بەهۆیەوە پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری کوردستان و کچێکی، هەروەها دوو کەسی دیکە کە لەو ماڵەدا بوون گیانیان لەدەستدا. هێرشەکە کاردانەوەی زۆری نێوخۆیی و دەرەکی لێکەوتەوە.
دلاوەر ئاژگەیی گوتی، پێشتریش یەکێتیی ئەوروپایان لە هێرشەکە ئاگادار کردووەتەوە؛ ئاماژەی بەوەش کرد، "هێرشەکە لە ئەجێندای کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا نییە، چونکە پێش ئەو کاتە بەرنامەی کۆبوونەوەکە دانراوە، بەڵام ئێمە ئاماژەی پێدەکەین و داوا لە یەکێتیی ئەوروپا دەکەین هەڵوێستی جیدی هەبێت و بە کرداری هەڵوێست وەربگرێت نەوەکو تەنیا بە لێدوان. ئێمە دەمانەوێت لە رووی سیاسییەوە بەتەواوی پشتیوانیی هەرێمی کوردستان بکەن".