پاپای ڤاتیکان جارێکی دیکە کەوت و ئازار بە قۆڵی گەیشت
رووداو دیجیتاڵ
پاپای ڤاتیکان لە شوێنی حەوانەی خۆی کەوتووە و ئازار بە قۆڵی راستی گەیشتووە. گوتەبێژی ڤاتیکان رایگەیاند، پاپا قۆڵی نەشکاوە، تەنیا ئازاری پێگەیشتووە.
ڤاتیکان شەوی پێنجشەممە هەواڵەکەی راگەیاند، ئەوەش تەنیا چەند هەفتەیەک لە دوای کەوتنی یەکەم جاری دێت، کە بەهۆیەوە شەویلاگی شین و مۆر ببووەوە.
گوتەبێژی ڤاتیکان دەڵێت، پاپا قۆڵی نەشکاوە، تەنیا باندجی پارێزەری بۆ دانراوە.
لە 07-12-2024 پاپای ڤاتیکان شەویلاگی بەر کۆمەدینی تەنیشت جێخەوەکەی کەوت.
لە ڤیدیۆیەک دەردەکەوێت، پاپا لە نووسینگەکەی خۆی پێشوازی لە شاندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، دەستی راستی بەستراوە و بە دەستی چەپ تەوقە دەکات.
پاپای تەمەن 88 ساڵ کێشەی لە ئەژنۆکانیشی هەیە و ناچارە کورسیی تایەدار بەکاربهێنێت، جار جارەش گۆچان بەکاردەهێنێت.
بەگوێرەی ڤاتیکان، پاپا لە شوێنی حەوانەوەی خۆی لە سانتا مارتا کە دەکەوێتە شاری ڤاتیکان لە ئیتاڵیا، کەوتووە.
لە ساڵی 2013 پاپا بێنەدیکت، پاپای پێشووی ڤاتیکان نەریتی 600 ساڵەی شکاند و وازی لە پۆستەکەی هێنا. دواتر بڵاوکرایەوە، پاپا بێنەدیکت لە سەردانێکی ساڵی 2012 بۆ مەکسیک کەوتووە و چیدیکە ناتوانێت سەردانی هیچ وڵاتێک بکات.
هەفتەی پێشوو، کتێبی (هیوا) کە باس لە ژیاننامەی پاپا فرانسیس دەکات و خۆی نووسیویەتی بڵاوبووەوە، تێیدا پاپا دەڵێت، هەرچەندە پاپا بێنەدیکت دەرگەی دەستلەکارکێشانەوەی کردەوە، بەڵام ئەو جارێ بیر لەوە ناکاتەوە بەمزووانە دەست لەکار بکێشێتەوە.