ترەمپ: کاتی ئەوە هاتووە هەوڵی سەرکردایەتییەکی نوێ بۆ ئێران بدەین
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی شەممە داوای کۆتاییهێنانی فەرمانڕەوایی 37 ساڵەی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کرد و رایگەیاند: "کاتی ئەوە هاتووە بۆ ئێران بەدوای سەرکردایەتییەکی نوێدا بگەڕێین." ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە خۆپیشاندانە بەرفراوانەکانی وڵاتەکە کە داوای رووخانی دەسەڵاتیان دەکرد، روویان لە کەمبوونەوە کردووە.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ پێگەی پۆلیتیکۆ کە بارەگای سەرەکیی لە ئەمریکایە، ترەمپ گوتی: "کاتی ئەوە هاتووە بۆ ئێران بەدوای سەرکردایەتییەکی نوێدا بگەڕێین."
بە گوێرەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوودا هەزاران خۆپیشاندەر لە سەرتاسەری ئێران و رۆژئاوای کوردستان کوژران، ئەمە وایکرد ترەمپ چەندین جار هەڕەشەی دەستوەردانی سەربازی بکات. رۆژی سێشەممە، ترەمپ داوای لە ئێرانییەکان کرد بەردەوام بن لە خۆپیشاندان و "دەست بەسەر دامودەزگاکاندا بگرن" و گوتی "هاوکاری بەڕێوەیە."
رۆژی دواتر، ترەمپ لەناکاو رێچکەکەی گۆڕی و گوتی کە پێی راگەیێندراوە کە کوشتنی خەڵک راوەستاوە.
ترەمپ رۆژی شەممە گوتی: "باشترین بڕیار کە تا ئێستا [ئێران] داویەتی ئەوە بووە کە دوو رۆژ لەمەوبەر زیاتر لە 800 کەسی لەسێدارە نەداوە."
لێدوانەکانی ئەمڕۆی ترەمپ دوای ئەوە هاتن کە خامنەیی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسەوە زنجیرەیەک پەیامی دوژمنکارانەی ئاراستەی ترەمپ کرد و سەرۆکی ئەمریکای بە بەرپرسیار لە تووندوتیژی و نائارامیی ئێران دانا.
خامنەیی نووسیبووی: "ئێمە سەرۆکی ئەمریکا بە تاوانبار دەزانین بەهۆی قوربانییان، زیانەکان و ناوزڕاندنەوە کە بەسەر نەتەوەی ئێراندا هێناویەتی."
لە پۆستێکی دیکەدا، گوتیبووی ترەمپ گرووپە تووندڕۆوەکانی وەک نوێنەری گەلی ئێران وەسف کردووە و ئەمەی بە "ناوزڕاندنێکی ترسناک" ناو برد.
دوای خوێندنەوەی پۆستەکان، ترەمپ گوتی، فەرمانڕەوایانی تاران "پشت بە سەرکوتکاری و تووندوتیژی" دەبەستن بۆ جڵەوکردنی دەسەڵات.
گوتیشی: "ئەوەی کە ئەو تاوانبارە، وەک سەرۆکی وڵاتێک، وێرانکردنی تەواوی وڵاتەکەیە و بەکارهێنانی تووندوتیژییە بە ئاستێک کە هەرگیز پێشتر نەبینراوە."
ترەمپ هەروەها رایگەیاند: "بۆ ئەوەی وڵاتەکە بەردەوام بێت لە کارکردن، هەرچەندە ئەو کارکردنە ئاستێکی زۆر نزمیشی هەبێت، دەبێت سەرکردایەتی سەرنجی لەسەر ئەوە بێت کە وڵاتەکەی بە شێوەیەکی دروست بەڕێوەببات، وەک ئەوەی من لە ئەمریکا دەیکەم، نەک بە هەزاران کەس بکوژن بۆ هێشتنەوەی کۆنترۆڵ لە دەستی خۆیاندا."
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: "سەرکردایەتیکردن بە رێزگرتنە، نەک بە ترس و مردن."
ئەم شەڕە قسەیەی نێوان ترەمپ و خامنەیی توندبوونی گوتاری نێوان واشنتن و تاران نیشان دەدات لە ساتێکی هەستیاری ناوچەکەدا و لە کاتێکدا خامنەیی بەم دواییانە گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، "نەتەوەی ئێران، ئەمریکای شکاندووە."
ترەمپ لەسەر ئاستی تاکەکسی لە هێرشەکەیدا دوورتر رۆیشت و خامنەیی و دەسەڵاتی ئێرانی سەرکۆنە کردن.
ترەمپ لە بارەی خامنەییەوە گوتی: "پیاوەکە پیاوێکی نەخۆشە کە دەبێت وڵاتەکەی بە شێوەی دروست بەڕێوە ببات و واز لە کوشتنی خەڵک بهێنێت. وڵاتەکەی خراپترین شوێنی ژیانە لە سەرتاسەری جیهاندا بەهۆی سەرکردایەتیی خراپەوە."