ماکرۆن: سووریایەکی یەکگرتوو بە تێکەڵکردنی هەسەدە بە سوپا دەبێت نەک شەڕ
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، سووریایەکی یەکگرتوو و سەقامگیر لە رێگەی تێکەڵکردنی "هێزەکانی سووریای دیموکرات"ـەوە دەبێت، نەک لە رێگەی شەڕکردن دژی ئەو کەسانەی کە شانبەشانی ئێمە دژی داعش جەنگاون.
ئەمڕۆ شەممە، ئیمانوێل ماکرۆن رایگەیاند، "دەبێت هێرشی دەسەڵاتدارانی سووریا دەستبەجێ رابگیرێت. فەرەنسا و ئەورووپا ناتوانن پشتگیری لە بەردەوامبوونی هەڵوێستێکی لەو شێوەیە بکەن."
ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا، رۆژی هەینی 16-01-2026، فەرمانێکی دەرکرد و تێیدا دانی بەوەدا نا کە کورد "بەشێکی بنەڕەتی و رەسەنی گەلی سووریان." هەروەها زمانی کوردیشی وەکو "زمانێکی نیشتمانی" ناساند و رۆژی نەورۆزیشی لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا کردە پشووی فەرمی.
لە فەرمانی ژمارە (13)ی ساڵی 2026دا، کە لەسەر بنەمای "بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی" دەرچووە، سەرۆکی سووریا جەختی لەوە کردووەتەوە، شوناسی کولتووری و زمانیی کورد "بەشێکی دانەبڕاوی شوناسی نیشتمانیی فرەڕەنگ و یەکگرتووی سووریایە."
یەکێک لە گرنگترین بڕگەکانی فەرمانەکە، هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئاسەوارەکانی سەرژمێریی مشتومڕاویی ساڵی 1962ی پارێزگای حەسەکەیە، کە بەهۆیەوە سەدان هەزار کورد بێ وڵاتینامە کران. بەپێی فەرمانە نوێیەکە، وڵاتینامەی سووری بە هەموو ئەو کوردانە دەدرێت کە لە سووریا نیشتەجێن، بە بێ-ناسنامەکانیشەوە.
بە گوتەی سەرۆککۆماری فەرەنسا، دەکرێت رێککەوتنێکی گشتگیر بکرێت و "ئەو مەرسوومە سەرۆکایەتییەی دوێنێ سەبارەت بە مافەکانی کورد دەرچوو، هەنگاوێکە بە ئاراستەیەکی دروست."
ماکرۆن دەڵێت: "ئێمە بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ پشتگیریکردن لەم پرۆسەی دانوستاندنە لە پێناو پاراستنی یەکێتی و یەکپارچەیی خاکی سووریا".
سەرۆکی فەرەنسا جەخت دەکاتەوە کە "ئەمە پەیامی وڵاتێکی دۆستی سووریا و گەلی سووریایە."