ئەمریکا: هیچ رێککەوتنێک بەسەر ئۆکراینا ناسەپێنین

رووداو دیجیتاڵ
 
نێردەی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا دەڵێت، ئەمریکا بە ئۆکراینا ناڵێت مەرجە ئەو رێککەوتنە قبووڵ بکات کە ترەمپ لەسەر جەنگی ئۆکراینا دەیکات؛ دەشڵێت، نە ئۆکراینا و نە رووسیا براوەن.
 
رۆژی دووشەممە 17-02-2025 کێیس کێلۆگ، نێردەی تایبەتی کۆشکی سپی بۆ ئۆکراینا گوتی: "ئۆکراینییەکان [لەسەر رێککەوتن] خۆیان بڕیار دەدەن."
 
کێلۆگ ئەو قسانەی لەدوای کۆبوونەوەیەک لەگەڵ هاوپەیمانانی ناتۆ لە برۆکسل بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی: "زیلینسکی سەرۆکی هەڵبژێردراوی وڵاتێکی خاوەن سەروەرییە، ئەو بڕیار دەدات و کەس ناتوانێت بەسەریدا بیسەپێنێت."
 
کێلۆگ بەنیازە رۆژی چوارشەممە 19ـی مانگ سەردانی کیێڤ بکات و سێ رۆژ بمێنێتەوە، بڕیاریشە لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کۆببێتەوە.
 
سەردانی کێلۆگ بۆ ئۆکراینا دوای کۆبوونەوەکەی بەرپرسانی ئەمریکا و رووسیا دێت لە سعودیە. ئەمەش هەوڵێکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە بۆ ئەوەی دوو لایەنەکە لەسەر مژاری جەنگی ئۆکراینا و چەند بابەتێکی پەیوەیست بە پەیوەندییەکانیان کۆبکاتەوە.
 
بەگوتەی کێڵۆگ، ئەمریکا هەوڵی زۆر جیدی دا تاوەکو مۆسکۆ و کیێڤ رازی بکات بێنە سەر مێزی گفتوگۆ. 
 
ئەو نێردەیەی ئەمریکا ئەوەشی پشتڕاستکردەوە، ئەوە دەکەوێتە سەر زیلینسکی کە ئەو رێککەوتنەی ئەمریکا لەگەڵ رووسیا پێی دەگات قبووڵی دەکات یان نا.
 
نێردەی ئەمریکا گوتی، کاری ئەو بریتییە لە "ئاسانکاری" بۆ رێککەوتنێک، کە گەرەنتیی بدات ئۆکراینا بە وڵاتێکی سەروەر بمێنێتەوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە سەرکردە ئەورووپییەکان لەسەر دۆخی ئۆکراینا لە پاریس کۆبوونەوە و بەدوای ستراتیژییەتێک گەڕان، ئەمەش دوای ئەوەی ترسیان هەیە لەوەی ترەمپ لە دانوستاندنەکانی لەگەڵ رووسیا، ئەوان پەراوێز بخات.
 
لەسەر ئەگەری بەشداریکردنی ئەورووپا کێلۆگ گوتی: "پێموانییە لۆژیکی بێت هەموو لایەک لەسەر مێزەکە بن، هەموو شتەکانیش لەسەر مێزی گفتوگۆ قسەیان لەسەر دەکرێت.
هەرچی لەبارەی ناوەڕۆکی گفتوگۆکانە، کێلۆگ گوتی: "نادیارن؛ بەڵام ئەگەر کێشە جیهانییەکان باسیان لێوەبکرێت ناتاسێم."
 
کێلۆگ ئاماژەی بەوەشدا، دوای نزیکەی سێ ساڵ لە جەنگ، ئۆکراینییەکان و رووسییەکان ئامادەن بۆ ئەوەی جەنگ راگرن، "چونکە کەسیان نەیانتوانیوە لە گۆڕەپانی جەنگ براوەبن."