ترەمپ: کوبا وڵاتێکی شکستخواردووە و پێویستە لەگەڵ واشنتن رێکبکەوێت

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، کوبا "وڵاتێکی شکستخواردووە" و داوای لە هاڤانا کرد رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا بکات، بەڵام بژارەی گۆڕینی رژێمی ئەو وڵاتەی لە رێگەی سەربازییەوە رەتکردەوە.
 
رۆژی دووشەممە، 16ـی شوباتی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەناو فڕۆکەی سەرۆکایەتیی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "ئێستا، کوبا وڵاتێکی شکستخواردووە."
 
کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا واشنتن پلانی هەیە حکومەتی کوبا بڕووخێنێت، هاوشێوەی ئەو ئۆپەراسیۆنەی کە لە ڤەنزوێلا کرا و بووە هۆی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، ترەمپ گوتی: "پێناچێت ئەوە پێویست بێت."
 
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کوبا بەدەست قەیرانێکی تووندی سووتەمەنی و بڕانی بەردەوامی کارەباوە دەناڵێنێت. ئەمەش دوای ئەوەی ئیدارەی ترەمپ گەمارۆکانی سەر ئەو وڵاتەی تووندتر کردووە و گوشاری خستووەتە سەر وڵاتانی دیکەش تاوەکو ناردنی نەوت بۆ هاڤانا رابگرن.
 
سەرۆکی ئەمریکا دانی بەوەدا نا کورتهێنانی سووتەمەنی لە کوبا کاریگەریی زۆری هەبووە و گوتی: "ئەوە بووەتە هەڕەشەیەکی مرۆیی."
 
پەیوەندییەکانی ئەمریکا و کوبا مێژوویەکی درێژیان لە دژایەتیکردنی یەکدی هەیە، بۆ سەردەمی جەنگی سارد دەگەڕێتەوە. لە ساڵی 1962ـەوە واشنتن گەمارۆیەکی ئابووریی تووندی خستووەتە سەر ئەو وڵاتە، ئەوەش دوای سەرکەوتنی شۆڕشی کۆمۆنیستەکان بە سەرۆکایەتیی فیدێل کاسترۆ.
 
لە ساڵی 2015 و لە سەردەمی باراک ئۆباما، پەیوەندییەکان بەرەو ئاساییبوونەوە چوون و باڵیۆزخانەی هەردوو وڵات کرانەوە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا (2017-2021) زۆربەی ئەو رێکارانەی هەڵوەشاندەوە و کوبای خستەوە نێو لیستی ئەو وڵاتانەی "پشتیوانی تێرۆر" دەکەن.