سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا: خێزان و منداڵانی چەکدارانی داعش وەرناگرینەوە

رووداو دیجیتاڵ

ئەنتۆنی ئەلبانێز، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا رایگەیاند، وڵاتەکەی هیچ جۆرە هاوکارییەک پێشکێشی ئەو 34 هاووڵاتییە ئوسترالییە ناکات کە کەسوکاری چەکدارانی داعشن و دەیانەوێت لە کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
 
ئەو هاووڵاتییە ئوسترالیانە رۆژی دووشەممە لە کەمپی "رۆژ" لە رۆژئاوای کوردستان ئازادکرابوون، بەڵام بە گوتەی بەرپرسانی کەمپەکە، بەهۆی "نەبوونی هاوئاهەنگی" لەگەڵ دەسەڵاتدارانی حکومەتی سووریا، نەیانتوانی بگەنە دیمەشقی پایتەخت و ناچار بوون جارێکی دیکە بگەڕێنەوە کەمپەکە.
 
ئەنتۆنی ئەلبانێز بە زمانێکی تووند باسی لەو هاووڵاتیانە کرد و گوتی: "وەک دایکم دەیگوت؛ هەر بەڕەیەک رابخەی، دەبێت خۆت لەسەری دابنیشی."
 
سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا جەختی لەوە کردەوە، حکومەتەکەی هیچ سۆزێکی بۆ ئەو کەسانە نییە و گوتی: "ئەوانە گەشتیان بۆ دەرەوە کرد بۆ ئەوەی بەشداربن لە هەوڵێکدا بۆ دامەزراندنی خەلافەت و تێکدانی شێوازی ژیانی ئێمە. جێگەی داخە کە منداڵانیش تێوەگلاون، بەڵام ئێمە هیچ پشتیوانییەکیان ناکەین."
 
ئەلبانێز هۆشداریی دا ئەگەر هەر یەکێک لەو کەسانە بە هەر شێوەیەک خۆی بگەیێنێتەوە ئوسترالیا دادگایی دەکرێت.
 
پرسی گەڕانەوەی خێزانی چەکدارانی داعش لە ئوسترالیا مشتومڕێکی گەورەی لەسەر ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی دروستکردووە. لە کاتێکدا هەندێک لایەن بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانییان دەبینن، هەندێکی دیکە داوای هاوکاری مرۆیی دەکەن.
 
رێکخراوی (Save the Children)ـی ئوسترالی پێشتر سکاڵایەکی یاسایی بۆ گەڕانەوەی 11 ژن و 20 منداڵ تۆمارکردبوو، بەڵام دادگای فیدراڵی سکاڵاکەی رەتکردەوە و رایگەیاند، حکومەتی ئوسترالیا دەسەڵاتی بەسەر ئەو شوێنانەدا نییە ئەو کەسانەی تێدا دەستبەسەرن.
 
دوای رووخانی "خەلافەت"ی داعش لە ساڵی 2019، هەزاران ژن و منداڵی چەکدارە بیانییەکانی ئەو گرووپە لە کەمپەکانی "هۆل" و "رۆژ" لە رۆژئاوای کوردستان نیشتەجێ کران، کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات بوون.
 
لە مانگی کانوونی دووەمی رابردووەوە، گۆڕانکاریی گەورە لە ناوچەکەدا روویداوە؛ هێزە کوردییەکان لە کەمپی "هۆل" پاشەکشەیان کرد و هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی سووریا کۆنترۆڵی کەمپەکەیان گرتە دەست. ئەمەش بووەتە هۆی راکردنی هەزاران ژن و منداڵی بیانی بۆ شوێنی نادیار.
 
کەمپی "رۆژ" تائێستا لەژێر کۆنترۆڵی هێزە کوردییەکاندا ماوەتەوە، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیدارەی خۆسەر و حکومەتی ناوەندی لە دیمەشق، پرۆسەی گواستنەوەی هاووڵاتییە بیانییەکان بۆ وڵاتەکانیان تووشی ئاستەنگی جیدی بووەتەوە. وڵاتانی رۆژئاوا، لەنێویشیان دا ئوسترالیا، بە وریاییەکی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە دەکەن و زۆربەیان ئامادە نین هاووڵاتییەکانیان وەربگرنەوە.