ترەمپ و کلینتن لەسەر دۆسیەی ئێپستین هێرش دەکەنە سەر یەکدی
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و هیلاری کلینتن، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەو وڵاتە، لەسەر دۆسیەی جێفری ئێپستین هێرش دەکەنە سەر یەکدی. ترەمپ دەڵێت "بە تەواوی بێبەری کراوە" و کلینتنیش تۆمەتباری دەکات بەوەی هەوڵی "پەردەپۆشکردنی" فایلەکان دەدات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رەتیکردەوە هیچ پەیوەندییەکی بە جێفری ئێپستین، بازرگانی تۆمەتبار بە تاوانە سێكسییەکانەوە هەبێت و گوتی: "من هیچ شتێکم نییە بیشارمەوە. بە تەواوی بێبەری کراوم. ئەوان هیوایان دەخواست شتێک بدۆزنەوە، بەڵام رێک پێچەوانەکەی دەرچوو."
ترەمپ هێرشی تووندی کردە سەر هیلاری کلینتن و رایگەیاند کە ئەو تووشی "نەخۆشیی دژایەتیکردنی ترەمپ" بووە. گوتیشی: "ئێپستین لەگەڵ نووسەرێکدا کاری دەکرد بۆ ئەوەی رێگری لە سەرکەوتنی من لە هەڵبژاردنەکاندا بکات."
لە بەرامبەردا، هیلاری کلینتن لە بەرلین، ترەمپی تۆمەتبار کرد بەوەی رێگری لە بڵاوکردنەوەی تەواوی بەڵگەنامەکان دەکات و گوتی: "فایلەکان بڵاوبکەنەوە. ئەوان زۆر بە سستی کارەکان دەکەن."
هیلاری کلینتن کە بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا لەبەردەم لیژنەیەکی کۆنگرێس ئامادە بێت، داوای کرد دانیشتنەکە بە شێوەیەکی کراوە و لەبەردەم کامێراکان بێت، نەک لە پشتی دەرگا داخراوەکان. گوتیشی: "تەنیا دەمەوێت دادپەروەری هەبێت و مامەڵەیەکی یەکسان لەگەڵ هەمووان بکرێت."
مانگی رابردوو، وەزارەتی دادی ئەمریکا زیاتر لە 3 ملیۆن بەڵگەنامە، وێنە و ڤیدیۆی پەیوەست بە لێکۆڵینەوەکانی ئێپستینی بڵاوکردەوە. ناوی بیڵ کلینتن، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا، چەندین جار لەو فایلانەدا هاتووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەک نییە، کە تێوەگلانی ئەو لە تاوانەکاندا بسەلمێنێت.
هیلاری کلینتن دەڵێت کۆمارییەکان دەیانەوێت سەرنجی خەڵک لەسەر ترەمپ لابدەن، کە ناوی ئەویش چەندین جار لە فایلەکاندا هاتووە. کلینتن ئاماژەی بەوە کرد، "هەرگیز ئێپستینی نەبینیوە".
بڕیارە رۆژی 26ـی شوبات هیلاری کلینتن و رۆژی 27ی شوباتیش بیڵ کلینتن لەبەردەم لیژنەی سەرپەرشتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ئامادە بن، بۆ لێکۆڵینەوە لە پەیوەندییەکانی ئەو بازرگانە لەگەڵ کەسایەتییە دەسەڵاتدارەکاندا.
جێفری ئێپستین لە ساڵی 2019دا، لەکاتێکدا لە زیندان چاوەڕوانی دادگاییکردنی بوو بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە منداڵان بۆ مەبەستی سێكسی، گیانی لەدەستدا و پزیشکی دادوەری رایگەیاند "خۆی کوشتووە."