ئەمریکا 100 سەربازی رەوانەی نێجیریا کرد


رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی نێجیریا گەیشتنی نزیکەی 100 سەربازی ئەمریکی بۆ وڵاتەکەی راگەیاند، کە وەک بەشێک لە پلانی نوێی واشنتن بۆ فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی گرووپە تووندڕەوەکان و بەهێزکردنی تواناکانی هەواڵگریی سوپای نێجیریا دەبینرێت.
 
رۆژی دووشەممە، 16ـی شوباتی 2026، گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی بەرگریی نێجیریا رایگەیاند، نزیکەی 100 سەربازی ئەمریکا گەیشتوونەتە خاکی نێجیریا. 
 
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە، واشنتن خەریکی بەرزکردنەوەی ئاستی هاوئاهەنگییە سەربازییەکانیەتی لە ناوچەی رۆژئاوای ئەفریقا، بەتایبەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گرووپە تووندڕەوەکان.
 
هێزەکانی ئەمریکا پێشتر و لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردوودا زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانییان دژی چەکدارانی سەر بە رێکخراوی داعش لە ناوچەکەدا کردبوو.
 
بەر لە گەیشتنی ئەم هێزە نوێیە، تەنیا تیمێکی بچووکی سەربازانی ئەمریکا لە مەیدانی شەڕدا بوون بۆ هاوکاریکردنی هێزەکانی نێجیریا لە بواری کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری و دیاریکردنی ئامانجە سەربازییەکان.
 
لە هەمان کاتدا، ئەم پەرەسەندنە سەربازییە نوێیە دوای زنجیرەیەک هێرشی چەکداری دێت، کە ناوچە جیاجیاکانی نێجیریای گرتووەتەوە. 
 
حکومەتی نێجیریا داوای هاوکاریی زیاتری لە هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان کردووە تاوەکو بتوانێت سنوورێک بۆ چالاکییە چەکدارییەکان دابنێت.
 
واشنتنیش بە گەیاندنی 200 سەرباز، کە کاتى ناردنى 100 سەربازی دیکە تائێستا ئاشکرا نەکراوە، دەیەوێت رۆڵی خۆی لە پاراستنی ئاسایشی رۆژئاوای ئەفریقادا بەهێزتر بکات.
 
نێجیریا کە خاوەنی گەورەترین دانیشتووانە لە کیشوەری ئەفریقا، بۆ نزیکەی دوو دەیە دەبێت رووبەڕووی شەپۆلێکی تووندوتیژیی گرووپە تووندڕەوەکانی وەک بۆکۆ حەرام و داعش بووەتەوە. 
 
ئەم ململانێیانە بوونەتە هۆی کوژرانی دەیان هەزار کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان هاووڵاتی، بەتایبەت لە ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی وڵات.
 
پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و نێجیریا لە ساڵانی دواییدا گۆڕانکاریی بەرچاویان بەخۆیەوە بینیوە. 
 
واشنتن لە رابردوودا بەهۆی نیگەرانییەکان لە دۆخی مافی مرۆڤ، فرۆشتنی هەندێک جۆری چەکی بە نێجیریا سنووردار کردبوو، بەڵام زیادبوونی هەڕەشەکانی داعش وایکردووە هەردوولا پێکەوە کار بکەن بۆ بەهێزکردنی تواناکانی هێزی ئاسمانی و پیادە، کە ئەمەش نیشانەی گۆڕانی ستراتیژیی ئەمریکایە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی لە کیشوەری ئەفریقادا.