گەڕی دووەمی دانوستاندنی ئێران و ئەمریکا بەڕێوەچوو؛ ئەگەری جەنگ کۆتایی هاتووە؟
رووداو دیجیتاڵ
بە گوتەی وەزیری دەرەوەی ئێران، تاران و واشنتن لە جنێڤ گەیشتنە "بنەما سەرەکییەکان" بۆ رێککەوتن، بەڵام ئەمریکا لە ناردنی هێز بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەردەوامە، هەربۆیە ئەگەری پێکدادانی سەربازی هەیە.
دیپلۆماسی لە جنێڤ: پێشکەوتنێکی ناڕوون
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دوای گەڕی دووەمی کۆبوونەوەکان لە جنێڤ رایگەیاند، لەگەڵ شاندی ئەمریکا لەسەر "کۆمەڵێک بنەما" رێککەوتوون کە لەوانەیە زەوینە بۆ رێککەوتنێکی فراوان خۆش بکەن. عێراقچی ئەم گەڕەی دانوستاندنی بە "بنیاتنەرترانە" لە گەڕەکەی عومان ناوبرد.
تۆڕی ئەکسیۆس لە هەواڵێکدا دەڵێ، دانوستاندنەکە 3 کاژێری خایاندووە و تێیدا هەریەکە لە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جارید کوشنەر، راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ بەشدار بوون.
عێراقچی بە تەلەفزیۆنی فەرمی ئێرانی گوت: "ئێستا رێگەیەکی روونترمان لەبەردەمدایە، بەڵام قۆناخی نووسینەوەی دەقی رێککەوتنەکە قورس دەبێت."
بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان کە نێوەندگیرە دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکانە، لە هەژماری خۆی لە ئێکس نووسی: "هەوڵی جیدی دراوە بۆ دەستنیشانکردنی ئامانجە تەکنیکییەکان، بەڵام هێشتا کاری زۆر ماوە بکرێ."
هێزی گەورەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا
لەکاتێکدا دیپلۆماتان قسە دەکەن، جەنەراڵەکان خەریکی جووڵاندنی هێزن. تۆڕی سی ئێن ئێن راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، پڕۆسەی کۆکردنەوەی هێزی ئەمریکا لە ناوچەکە گەیشتووەتە ئاستێکی بێ وێنە.
سی ئێن ئێن دەڵێ: "زیاتر لە 50 فڕۆکەی جەنگی لە جۆرەکانی F-35، F-22 و F-16 لە تەنیا 24 کاژێردا بۆ ناوچەکە گوێزراونەتەوە"؛ هەروەها 12 فڕۆکەی F-15 لە بنکەی (موەفەق سەڵتی) لە ئوردن لە ئامادەیی تەواودان.
هاوکات تۆڕێ بی بی سی بڵاویکردەوە، دوو فڕۆکەی چاودێری و فەرماندەیی جۆری (E-3 Sentry AWACS) لە ئالاسکاوە گەیشتوونەتە بەریتانیا. بی بی سی باس لەوە دەکات گەیشتنی ئەم فڕۆکانە لە دوایین قۆناخەکانی ئامادەکارییەکانی سوپای ئەمریکایە، ئەگەر هێرش بکرێتە سەر ئێران.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزیش تیشکی خستووەتە سەر گوتارە تووندەکەی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران. خامنەیی گوتی: "کەشتی فڕۆکەهەڵگر بێگومان ئامرازێکی مەترسیدارە، بەڵام مەترسیدارتر لەوە ئەو چەکەیە کە دەتوانێت ئەو کەشتییە نوقمی دەریا بکات." ئەم قسانە وەک وەڵامێک بوون بۆ جێگیرکردنی کەشتی ئەبراهام لینکن و ناردنی کەشتی جێراڵد فۆرد بۆ ناوچەکە.
نیویۆرک تایمز نووسی، ترەمپ گوتوویەتی ئێران دەیەوێ رێککەوتن بکات، بەڵام جەختی کردووەتەوە: "ئەگەر رێککەوتن نەکرێ، رۆژێکی زۆر خراپ بۆ ئێران دەبێت."
بەپێی ئاژانسی تەسنیمی نزیک لە سوپای پاسداران، ئێران مانۆڕێکی دەریایی لە گەرووی هورمز دەستپێکردووە و بەشێکی رێڕۆکەی بۆ ماوەیەک کەم داخست.
وەک نیویۆرک تایمز ئاماژەی پێدەدات، "بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، کە هەفتەی رابردوو لەگەڵ ترەمپ کۆبووەوە، هێشتا بە گومانەوە سەیری هەر رێککەوتنێک دەکات، بەڵام ترەمپ پێی وایە ئەمجارە ئێران دەرفەتەکە لەدەستنادات. ئێستا هەموو شتێک بەندە بەو رەشنووسانەی بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا لەنێوان تاران و واشنتن ئاڵوگۆڕ بکرێن، لە ژێر سێبەری فڕۆکە جەنگییەکان کە ئاسمانی ناوچەکەیان تەنیوە."