ترەمپ دەڵێت سێشەممە لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین قسە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، سبەی (سێشەممە 18-03-2025) لەبارەی ئۆکراینا لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا قسە دەکات.
درەنگانی شەوی یەکشەممە بەکاتی واشنتن، واتە بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە بەکاتی هەولێر، ترەمپ لەکاتی رۆیشتنی لە فلۆریداوە بۆ واشنتن، لە فڕۆکەی Air Force Oneدا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
ترەمپ گوتی، "سەیر دەکەین بزانین تاوەکو رۆژی سێشەممە شتێک رابگەیێنین. سێشەممە قسە لەگەڵ پووتین دەکەم. کۆتایی هەفتە زۆر کار کراوە. دەمانەوێت سەیر بکەین و بزانین ئەو جەنگە کۆتایی پێدەهێنین."
رووسیا لە سێ ساڵی رابردووی جەنگدا بەشێکی بەرچاوی خاکی ئۆکراینای کۆنترۆڵ کردووە.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئەو بابەتانەی دەیانەوێت گفتوگۆیان لەسەر بکەن، دابەشکردنی خاک و وێستگەکانی وزەیە لەنێوان ئۆکراینا و رووسیا، بۆئەوەی جەنگەکە بوەستێت.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، "قسە لەسەر خاک دەکەین. قسە لەسەر وێستگەکانی کارەبا دەکەین." ئەوەیشی گوت، "هەندێک شتی دیاریکراو دابەش دەکرێن."
رۆژی یەکشەممە، بەرپرسانی ئەمریکا گەشبینیی خۆیان بەرامبەر ئاگربەست نیشاندا، دوای ئەوەی لە دوو هەفتەی رابردوودا دوو جار لە سعودیە دانوستاندن کرا.
واشنتن و وڵاتانی ئەورووپا هەوڵ دەدەن گوشار لە مۆسکۆ بکەن بە وەستاندنی شەڕ رازی بێت، بەڵام پووتین دەڵێت، ئەوە بێ مەرج نابێت.
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ دانوستاندنەکانی جەنگی ئۆکراینا چەند رۆژێک لەمەوبەر، بە کەناڵی سی ئێن ئێنی راگەیاند، "ئەم هەفتەیە هەردوو سەرۆک گفتوگۆیەکی زۆر باش و ئەرێنییان دەبێت."
بە گوتەی ویتکۆف، "ترەمپ پێشبینی دەکات لە چەند هەفتەی داهاتوودا جۆرێک لە رێککەوتن بەدیبهێندرێت، منیش بڕوام وایە وا دەبێت."
رۆژی شەممە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کرێملنی تۆمەتبار کرد بەوەی نایەوێت کۆتایی بە جەنگ بێنێت؛ هۆشداریی دا، مۆسکۆ دەیەوێت "سەرەتا پێگەی خۆی لە گۆڕەپانی جەنگ بەهێز بکات" و دواتر لەسەر مێز دەست بە گفتوگۆ بکات.