جەژنی نەورۆز لە پەرلەمانی دانیمارک پیرۆز کرا
رووداو دیجیتاڵ
بە بەشداریی ژمارەیەک وەزیر، پەرلەمانتار و سیاسەتڤانی دانیمارک و کوردانی نیشتەجێی وڵاتەکە، جەژنی نەورۆز لەنێو پەرلەمانی ئەو وڵاتە ئەورووپییەدا پیرۆز کرا.
رێوڕەسمەکە بە سەرپەرشتی رۆژنامەڤان دەنیز بەرخۆدانەوە رێکخرا و سەرەتا بە زمانەکانی کوردی و دانیمارکی بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد.
پیتەر هومێلگارد، وەزیری دادی دانیمارک لە رێوڕەسمەکەدا بەشدار بوو. ماتیاس تەسفایی، وەزیری پەروەردە و سۆفی هەستۆرب، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی و نیشتەجێکردن بەهۆی بانگەشەی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی دانیمارکەوە نەیانتوانی ئامادەبن، بەڵام پەیامی ڤیدیۆییان هەبوو. هەر سێ وەزیرەکە لە پارتی سۆسیال دیموکراتی دانیمارکن.
پیتەر هومێلگارد لە گوتارەکەیدا گوتی: "لەم کاتەدا بەداخەوە گەلی کورد جارێکی دیکە رووبەڕووی ستەم و زۆردارییەکی زۆر دەبێتەوە، ویستم بێم و ساڵی نوێتان لێ پیرۆز بکەم. هیوادارم ئەمڕۆ رۆژێکی خۆش بەسەربەرن و بە شێوەیەکی باش پێشوازی لە ساڵی نوێ بکەن."
هەروەها ماتیاس تەسفای، وەزیری پەروەردە لە پەیامە ڤیدیۆییەکەیدا گوتی: "دەبێت ئەوەتان پێ بڵێم، لە کاتێکدا جەژنی نەورۆز پیرۆز دەکەن، من زۆر دڵخۆشم بەو هەوڵ و کۆششە ئەرێنییەی ئێوە بۆ کۆمەڵگەی دانیمارک دەیدەن. هیوای کاتێکی خۆشتان بۆ دەخوازم لە پەرلەماندا."
سۆفی هەستۆرب، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی و نیشتەجێکردنی دانیمارک لە پەیامەکەیدا گوتی، "وەک ژنێک، وەکو وەزیرێکی سۆسیال دیموکرات، بۆ من زۆر گرنگە سڵاوی تایبەتی خۆم بۆ کوردی ئێران بنێرم، بۆ خێزانەکانتان، دایکان و خوشکانتان، چونکە ئێستا لە دۆخێکی زۆر سەختدان. با ساڵی نوێی کوردی بۆ ئەوان ببێتە ساڵێکی باشتر؛ نەورۆزتان پیرۆز بێت."
لە رێوڕەسمەکەدا ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی دانیمارک بەشداربوون، لەوانە یڵدز ئەکدۆغان، پێلە دراگستێد، مارتن لیدەگارد، پیا ئۆڵسن دێر، حەلیمە ئۆغوز، کارینا دینهارت، ستینوس لیندگرین، شارلۆت برۆمان، فی هاکێروپ، مارلین ئەمبۆ-راسموسن، مۆنیکا روبین؛ هەروەها پیر کلاوسن، ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا و ڤیلی سۆڤنداڵ، وەزیری پێشووتری دەرەوەی دانیمارک ئامادە بوون.
لە بەشێکی دیکەی رێوڕەسمەکەدا ئاهەنگ و چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوەچوون.
هەژار دەشتی، چالاکڤانی کورد، چیرۆکی کاوەی ئاسنگەری بە زمانی دانیمارکی گێڕایەوە.
هاوکات باناز جەزا، کچی هونەرمەندی کۆچکردوو حەمە جەزا، چەند هۆنراوەیەکی لەسەر نەورۆز و مافەکانی ژنان پێشکێشی ئامادەبووان کرد.
هونەرمەند مزگین ئۆزدەمیر بە چەند گۆرانییەکانی شاد و کچێکی 10 ساڵانی خەڵکی کۆبانی بە پێشکێشکردنی چەند گۆرانییەک بەشداریی چالاکییەکانیان کرد.
لەکاتی گۆرانی کچە منداڵەکەدا، 12 ژنی کورد چوونە سەر تەختەی شانۆ کەزییەکانیان هۆنییەوە.
چالاکییەکان بە هەڵپەڕکێ و گۆرانی کوردیی لەلایەن تیپی هەڵپەڕکێی "کۆمەڵەی ئاوا"ـەوە کۆتایی هات.