ترەمپ لەبارەی ئێران وەڵامی رووداو دەداتەوە: وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پشتیوانمانن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا، وڵاتانی ناتۆی بە ئەنجامدانی "هەڵەیەکی گەمژانە" تۆمەتبار کرد بەهۆی ئەوەی هاوکار نین لە جەنگی ئێران دا، لە بەرامبەردا ستایشی هاوکارییەکانی وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیلی کرد و جەختی کردەوە کە ئەمریکا پێویستی بە یارمەتیی هیچ کەسێک نییە.
رۆژی سێشەممە، 17ى ئادارى 2026، دیار کوردە، بەرێوەبەری نووسینگەی واشنتنی رووداو، لەبارەی ئامادەیی هاوپەیمانان بۆ پاراستنی تەنگەى هورمز پرسیاری لە دۆناڵد ترەمپ کرد.
سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامدا گوتی: "ئێمە پاڵپشتیی باشمان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە؛ قەتەر زۆر باش بووە، ئیمارات بە راستی زۆر باش بووە، بەحرێن و سعودیەش زۆر باشبوونە، وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆر باش بوونە. هەروەها بێگومان ئیسرائیل هاوبەشێکی باش و زۆر بەهێزە."
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ساڵانێک لەمەوبەر هۆشداریی لە مەترسیی ئێران دابوو کە پێویست بووە هێرش بکەنە سەر دوورگەی خارگ، چونکە تاران ماوەی 48 ساڵە "خۆی گیڤ دەکاتەوە."
سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "ناکرێت بهێڵین چەکی ئەتۆمیان هەبێت؛ ئەگەر هێرشمان نەکردبایە ئێستا ئەو چەکەیان دەبوو و جەنگێکی ئەتۆمی روویدەدا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. پێموایە بەرامبەر ئەورووپا و رەنگە بەرامبەر ئێرلاندیش بەکاریان هێنابا."
سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ کە ئامادە نین تێوەبگلێن، ترەمپ گوتی: "ناتۆ هەڵەیەکی یەکجار گەمژانە دەکات. من لە مێژە دەمگوت ئایا ناتۆ لە کاتی پێویستدا لەگەڵمان دەبێت؟ ئەمە تاقیکردنەوەیەکی باش بوو، چونکە ئێمە پێویستمان پێیان نییە."
ترەمپ هەروەها وەڵامی رەخنەی سیاسییەکانی ئێرلاندی دایەوە و گوتی: "ئەوان بەختەوەرن کە من هەم، چونکە ئەگەر رێگە بدەیت وڵاتانی وەک ئێران چەکی ئەتۆمیان هەبێت، جیهان وێران دەبێت."
لەلایەکی دیکەوە، رووداو پرسیاری لەبارەی زیادبوونی هێرشی میلیشیاکانی عێراق بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان ئاراستەی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کرد.
ڤانس لە وەڵامدا رایگەیاند، "ئەمریکا کۆنترۆڵی باڵیۆزخانەکەی دەکات و کارێکی باشیان کردووە لە پاراستنی خەڵکەکەیان." ڤانس گوتی: "تیرۆریستی زۆر لەو ناوچەیەی جیهاندا هەن و دەبێت لەنێویان ببەین کاتێک دەیاندۆزینەوە."
ترەمپ هەروەها لێدوانی لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەی جۆ کێنت، بەڕێوەبەری سەنتەرى نیشتمانیی دژە تێرۆر دا و گوتی، پێی وابووە پیاوێکی باشە بەڵام "لە رووی ئاسایشەوە لاواز بووە."
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە ئۆپەراسیۆنەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل دژى ئێران پێی ناوەتە سێیەم هەفتەیەوە و ئەمریکا و ئیسرائیل زۆربەی ژێرخانی سەربازیی تارانیان بۆردوومان کردووە.
واشنتن جەخت دەکاتەوە کە تاوەکو خۆ رادەستکردنی بێ مەرجی ئێران، ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوام دەبن.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەبەردەم گۆڕانکارییەکی گەورەی هاوسەنگیی هێزدایە کە تێیدا ئەمریکا بێ گەڕانەوە بۆ هاوپەیمانە کلاسیکییەکانی لە ناتۆ، نەخشەی نوێی ناوچەکە دادەڕێژێتەوە.
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و سەرۆکی ئەمریکا و جێگرەکەی
رووداو: تاوەکو چەند نزیکن لە راگەیاندنی هاوپەیمانییەک لەو وڵاتانەی ئامادەن بۆ پاراستنی تەنگەی هورمز و کام وڵاتانە بەشدار دەبن؟
دۆناڵد ترەمپ: باشە، ئێمە پشتگیرییەکی گەورەمان لە لایەن رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە هەبووە، قەتەر زۆر باش بووە، ئیمارات بەڕاستی زۆر نایاب بووە، سعودیە زۆر نایاب بووە و بەحرێن زۆر باش بووە. وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە پشتگیرییەکانیاندا زۆر بەهێز بوون و و بێگومان، ئیسرائیل هاوبەشمان بووە؛ ئیسرائیل شانبەشانی ئیدارەکەی ئێمە زۆر زۆر بەهێز بووە.
ئەگەر سەیری چەندین ساڵ پێش ئێستا بکەیت، باسی ئەوەم کرد کە ئێران هەڕەشەیەکی گەورە بوو بۆ سەر ئەم وڵاتە و بۆ سەر ئەم جیهانەی ئێمە و دەرکەوت کە من راستم دەکرد. لەڕاستیدا، گوتم دەبێت هێرش بکەنە سەر دوورگەی (خارگ) ساڵانێک پێش ئێستا کە سەریان هەڵدابوو، دەبوو هێرشیان بکەنە سەر. بۆ ماوەی 37، 47، پێموایە ئێستا 48 ساڵە ئەوان خەریکی ئاژاوەن.
بۆ ماوەی 48 ساڵە ئەوان یاریزانێکی خراپ و دڕندەن و و نابێت رێگەیان پێ بدەیت ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. ئەگەر ببوایەنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، دەمگوت تەنیا لە ماوەی 24 کاژێردا دوای دەستکەوتنی، بەکاریان دەهێنا و دەبوونە خاوەنی، ئەگەر ئێمە بە بۆردوومان و هێرشێکی گەورە لەنێومان نەبردنایە بە بۆمبهاوێژی جۆری B2 نزیکەی هەشت مانگ لەمەوبەر، ئەوا جەنگێکی ئەتۆمی روویدەدا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و رەنگە لەوەش زیاتر؛ پێموایە بەر ئەورووپاش دەکەوت، رەنگە بەر ئێرلەندا نەکەوتایە، بەڵام بەر ئەورووپا دەکەوت. پێموایە ئێوەش بەشێکی باشتان بەر دەکەوت.
ئەو هەمووە دەگرێتەوە. ئەوەندە گەورەیە کە کاریگەری لەسەر ئێوەش دەبوو و ئەوان لە کۆتاییدا لە ئەورووپایان دەدا.
رووداو: چۆن وەڵامی زیادبوونی هێرشەکانی میلیشیا عێراقییەکان بۆ سەر باڵیۆزخانە و بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و کوردستان دەدەیتەوە؟
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا: ئەمریکا کۆنترۆڵی باڵیۆزخانەکەی دەکات، بڕوانە، چەندین هێرش روویداوە بۆسەر باڵیۆزخانەکەمان، کارێکی باشمان کردووە لە کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو کەسانەی لە باڵیۆزخانەکەن بۆ ئەوەی کارە سەرەکییەکان پێشکەش بکەین، بەڵام هاوکات خەڵکەکەمان بپارێزین، بەڵام تیرۆریستی زۆر لەو ناوچەیەی جیهاندا هەن و دەبێت لەنێویان ببەین کاتێک دەیاندۆزینەوە.
دۆناڵد ترەمپ: ناکرێ چەکی ئەتۆمییان پێبدەیت، دەکرێ چەکیان پێبدەیت، بەڵام ناکرێ چەکی ئەتۆمییان پێبدەیت.