سەرۆکوەزیرانی دانیمارک: سیستمی کۆنی جیهان کۆتاییهات و ناگەڕێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی دانیمارک رایگەیاند، جیهان لەبەردەم قۆناخێکی نوێدایە و پێویستە وڵاتان سیستمێکی نوێی جیهانی دابڕێژن.
مێتی فێدرێکسن، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لووتکەی شەش وڵاتی نۆردیک و کەنەدا لە ئۆسلۆ، بە رۆژنامەڤانانی گوت، "سیستمی کۆنی جیهان نەماوە و بە ئەگەرێکی زۆرەوە چیدیکە ناگەڕێتەوە."
ئەم کۆمەڵەیە لە هەریەکە لە سوێد، نەرویج، دانیمارک، فینلاند، ئایسلاند و کەنەدا پێکدێ و بە "هاوپەیمانیی باکووری ئارکتیک" ناسراوە. کۆمەڵەیەکی ستراتیژین کە لە دەوری جەمسەری باکوور کۆبوونەتەوە و بەهۆی دیموکراسییە پێشکەوتووەکە، هاوبەشییان لە ناتۆ و بایەخدانیان بە پاراستنی ژینگەی باکوور لە یەکتری نزیکن.
سەرۆکوەزیرانی دانیمارک جەختی لەوە کردەوە، پێویستە کار بۆ بنیاتنانی شتێکی نوێ بکرێت و گوتی: "دەبێت سیستمێکی نوێی جیهانی بنیات بنرێت کە لەسەر ئەو بەهایانە راوەستابێت کە ئێمە وەک وڵاتانی دیموکراسیخواز نوێنەرایەتییان دەکەین."
فێدرێکسن، کە لە وڵاتەکەی رووبەڕووی هەڵبژاردنێکی سەخت دەبێتەوە، دەستخۆشی لە دیدگای مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا کرد کە لە کۆڕبەندی داڤۆس دا داوای یەکگرتنی "هێزە مامناوەندەکانی" کردبوو. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو دیدگایە لەناو خەڵکی دانیمارک و وڵاتانی نۆردیک دا دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبووە و بە بایەخەوە لێی دەڕوانن.