ئەمریکا بەشداری بۆنەی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی ئیسلامۆفۆبیا ناکات

رووداو دیجیتاڵ

کۆبوونەوەیەکی گەورەی جیهانییە لەبارەی ئیسلام، بەڵام کاتێک لە کورسییەکان ورد دەبیتەوە، دەبینیت ئەمریکا هیچ نوێنەرێکی لەو بۆنەیەدا نییە کە نەتەوە یەکگرتووەکان دژی ئیسلامۆفۆبیا (ترس لە ئیسلام) سازی کردووە.
 
رۆژی دووشەممە، ئەمریکا تاکە وڵاتی زلهێز بوو کە گوتاری لە بۆنەی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەبۆنەی رۆژی جیهانیی رووبەڕووبوونەوەی ئیسلامۆفۆبیا پێشکێش نەکرد.
 
بۆنەکە لە هۆڵی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سازکرا و تورکیا سەرپەرشتیی دەکرد. جگە لە وڵاتانی ئیسلامی، زلهێزەکانی وەک چین و رووسیا گوتاریان پێشکێش کرد و سەرکۆنەی ئیسلامۆفۆبیایان کرد.
 
سون لێی، جێگری نوێنەری هەمیشەیی چین (DPR) دەڵێت: "لە زۆر شوێنی جیهاندا، دەمارگیری، جیاکاری و کارە تووندوتیژییەکان دژی موسڵمانان بەردەوام لە هەڵکشاندایە."
 
ماریا زابۆلۆتسکایا، جێگری باڵیۆزی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کرد: "ئیسلام دووەم گەورەترین ئایینە لە وڵاتەکەماندا. زیاتر لە 20 ملیۆن لە هاووڵاتییانمان موسڵمانن، پاراستنی بەرژەوەندییەکانیشیان بەشێکی گرنگە لە سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەوەی رووسیا."
 
بۆچی ئیدارەی بایدن کەسی بۆ ئەم بۆنەیە نەناردووە؟ رووداو ئەو پرسیارەی ئاراستەی باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامی وەرنەگرتووە. لە ساڵی 2024دا، ئیدارەی بایدن بەشداریی لە بۆنەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کرد و تێیدا هۆشداریی لە زیادبوونی تاوان دژی موسڵمانان دا.
 
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوە کرد: "کاتێک گوتارە جیاکارییەکان لەلایەن کەسانی خاوەن دەسەڵاتەوە دەگوترێنەوە، پێشوەختە حوکمدان دەبێتە کارێکی ئاسایی و باو. کاتێک وێنە چەسپاوەکان (ستێریۆتایپەکان) بەبێ رووبەڕووبوونەوە جێدەهێڵدرێن، رەنگ دەدەنەوە و دەبنە سیاسەت. کاتێکیش رێگە دەدرێت ترس رێ نیشاندەری بڕیاردان بێت، نادادی بەدوای خۆیدا دەهێنێت."
 
لە وەڵامی پرسیارێکی نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو لە نیویۆرک، ستێفان دووژاریک، گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: "ئێمە دەنگی خۆمان دژی ئەوە بەرز دەکەینەوە. سکرتێری گشتی نە دەسەڵاتی ئەوەی هەیە گوتاری سەرکردە سیاسییەکان رێکبخات و نە ئەو دەسەڵاتەشی دەوێت، بەڵام پێموایە دەبینن کە زۆر کەم وڵات لەم جیهانەدا هەن لە گوتاری رق و کینە پارێزراو بن."
 
دووژاریک گوتیشی: "لە زۆر وڵاتی جیهانی پەرەئەستێن و جیهانی رۆژئاوادا بینیومانە، لەو شوێنانەی کەمینەی موسڵمانیان تێدایە، هەڵکشانێکی بەرچاو لە گوتاری رق و کینە و ئیسلامۆفۆبیا هەبووە، تەنانەت هەندێک جار هاندانیشی لەگەڵدا بووە."
 
ئیسلامۆفۆبیا چییە؟
 
فەرهەنگی ئۆکسفۆرد بەمجۆرە پێناسی دەکات: رق یاخود مامەڵەی نادادپەروەرانە بەرامبەر بە ئیسلام یان موسڵمانان. پسپۆڕان دەڵێن گرفت لەگەڵ ئیسلامۆفۆبیادا ئەوەیە کە تەنیا یەک لێکدانەوەی توندڕەوانەی ئیسلامی پێ دروستە و بڕوای وایە کە موسڵمان ناکرێت میانڕەو بێت.
 
رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی ئیسلامۆفۆبیا مێژووەکەی بۆ دوای هێرشەکانی ساڵی 2019ی سەر مزگەوتێکی نیوزلەندا دەگەڕێتەوە کە تێیدا دەیان موسڵمان کوژران. ئێستا نزیکەی 2 ملیار موسڵمان لە جیهاندا هەن و نزیکەی چارەکێکیان وەک کەمینە لەنێو نزیکەی 150 وڵاتدا دەژین.