ترەمپ داوای هاوکاری بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز دەکات؛ ئەورووپا ئامادە نییە بەشداری بکات

 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە هاوپەیمانەکانی وڵاتەکەی کرد کە لە کردنەوەی تەنگەی هورمزدا یارمەتی واشنتن بدەن، بەڵام وڵاتانی ئەورووپا خۆیان بەدوور گرتووە لە ناردنی هێز بۆ کردنەوەی ئەو رێگە ئاوییەی کە ئێران لە کاردانەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا دایخستووە.
 
ترەمپ رەخنەی لە ساردیی وەڵامی وڵاتان گرت بۆ ناردنی کەشتیی جەنگی بەمەبەستی یاوەریکردنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە تەنگەی هورمز، کە پێنجیەکی نەوتی جیهانی لێوە تێدەپەڕێت. 
 
نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە رێژەی 40% بۆ 50% بەرزبووەتەوە، ئەوەش بەهۆی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر تەنگەکە و وڵاتانی کەنداو. 
 
داواکارییەکەی ترەمپ و کاردانەوەکان
 
ترەمپ دوێنێ دووشەممە لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی گوت، "ئێمە پێداگرانە وڵاتانی دیکە هان دەدەین کە لەگەڵمان بەشدار بن، بە خێرایی و بە پەرۆشییەکی زۆرەوە بەشدار بن." پێشبینیشی کرد بەریتانیا و فەرەنسا بەشداری بکەن، بەڵام گوتی، "بە دڵی خۆیان نابێت."
 
کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاش هەمان رۆژ گوتی، خەریکی داڕشتنی پلانێکن، بەڵام رەتیکردەوە ئەوەی ترەمپ داوای دەکات، ئەرکی ناتۆ بێت.
 
بەرلینیش رایگەیاند، هەمیشە روون بوون لەوەی "ئەم جەنگە پەیوەندی بە ناتۆوە نییە."
 
ژاپۆن، ئوسترالیا، پۆڵەندا، ئیسپانیا، یۆنان و سوێد خۆیان لە هەر بەشدارییەکی سەربازی لە تەنگەی هورمز بەدوور گرتووە.
 
وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا رایانگەیاند، هیچ "ئارەزوویەک"یان نییە ئەرکە دەریاییەکەیان لە دەریای سوورەوە بۆ تەنگەی هورمز فراوان بکەن.
 
ترەمپ هۆشداری داوە کە رەتکردنەوەی هاوکاری "بۆ داهاتووی ناتۆ زۆر خراپ دەبێت" و تەنانەت داوای کردووە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین بەهۆی ئەم پرسەوە "نزیکەی مانگێک" دوابخرێت.
 
ملیۆنان ئاوارە و وەڵامی ئێران
 
شەوی دووشەممە دەنگی تەقینەوە لە تاران، شیراز و تەورێز بیسترا. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، "ئێستا تێگەیشتوون لەگەڵ چ وڵاتێک مامەڵە دەکەن. ئێمە ئامادەین جەنگەکە تاوەکو هەر کوێیەک بڕوات درێژە پێبدەین."
 
هێرشەکانی ئێران بەردەوامن و لە 24 کاژێری رابردوودا ئەم هێرشانە هەبوون:
 
لە دووبەی درۆنێک ئاگری لە کۆگایەکی سووتەمەنی بەردا.
 
لە ئەبوزەبی مووشەکێک هاووڵاتییەکی سڤیلی لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیدا کوشت.
 
هەر لە ئیمارات، لە فوجەیرە درۆنێک ئاگری لە ژێرخانی نەوت بەردا و کۆمپانیای (ADNOC) ناردنی نەوتی راگرت.
 
سوپای پاسداران دەڵێ، تاوەکو ئێستا نزیکەی 700 مووشەک و 3 هەزار و 600 درۆنیان ئاراستە کردووە. جەنگەکە وایکردووە زیاتر لە 3.2 ملیۆن کەس لە ئێران ئاوارە بن و بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ئێران، زیاتر لە  هەزار و 200 ئێرانی بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە کوژراون.