ترەمپ رەتی دەکاتەوە پرسیار لەسەر هێرشی وشکانی دژی ئێران وەڵام بداتەوە: پرسیارێکی گەمژانەیە

 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە تووندی وەڵامی رۆژنامەڤانێکی دایەوە کە پرسیاری لەبارەی ئەگەری ناردنی هێزی وشکانی بۆ دەستبەسەرداگرتنی مادە ئەتۆمییەکانی ئێرانی کرد و رایگەیاند، هەر سەرۆکێک وەڵامی پرسیار لەبارەی پلانە سەربازییەکان بداتەوە، شایەنی سەرۆکایەتی نییە.
 
رۆژی دووشەممە، 16ی ئاداری 2026، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە کۆشکی سپی، رۆژنامەڤانێک پرسیاری لە ترەمپ کرد سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتووی جەنگی دژی ئێران و لێی پرسی، "بەڕێز سەرۆک، ئایا پێویست دەکات هێزێکی وشکانیی سنووردار بەکاربهێنن بۆ پاراستنی هەر مادەیەکی ئەتۆمی کە لە ئێران مابێت؟"
 
پێش ئەوەی رۆژنامەڤانەکە پرسیارەکەی تەواو بکات، ترەمپ قسەکەی پێبڕی و لێی پرسی، "مەبەستت ئەوەیە بچینە ناوەوە و بیهێنین؟" کاتێک رۆژنامەڤانەکە بە "بەڵێ" وەڵامی دایەوە، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "بۆچی دەبێت من ئەوەت پێ بڵێم؟ من ناتوانم ئەوە بە رۆژنامەڤانان بڵێم."
 
ترەمپ رەخنەی لە جۆری پرسیاری رۆژنامەڤانان گرت سەبارەت بە ئاشکراکردنی پلانی سەربازیی وڵاتەکەی و گوتی، "لێم دەپرسن، ئایا هێرش دەکەیتە سەر دوورگەی خارگ؟ ئایا دەست بەسەر خارگ دا دەگریت؟ ئەم جۆرە پرسیارانە دەکەن."
 
ترەمپ وەڵامی رۆژنامەڤانەکەی دایەوە و گوتی، "نامەوێت قسەڕەق بم، بەڵام ئەمانە پرسیاری گەمژانەن. هەر سەرۆکێک وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە، نابێت سەرۆک بێت."
 
دەقی پرسیاری رۆژنامەڤانەکە و وەڵامی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا:
 
رۆژنامەڤان: بەڕێز سەرۆک، ئایا پێویست دەبێت تەنانەت هێزێکی سنوورداری وشکانی بەکاربێنی بۆ پاراستنی هەر مادەیەکی ئەتۆمی لە ئێران مابێت وەک بەشێک لەو هەڕەشەیە؟ دووەم، ئایا بڕیارت داوە..
 
ترەمپ: مەبەستت ئەوەیە کە بڕۆین و بیهێنین؟
 
رۆژنامەڤان: بەڵێ.
 
ترەمپ: بۆچی دەبێت من پێت بڵێم؟ من ناتوانم بە رۆژنامەڤانان بڵێم. [دەپرسن:] ئایا هێرش دەکەیتە سەر دوورگەی خارگ؟ ئایا دەست بەسەر خارگدا دەگریت؟ ئەم جۆرە پرسیارانە دەکەن. نامەوێت قسەڕەق بم، بەڵام ئەمانە پرسیاری گەمژانەن. هەر سەرۆکێک وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە، نابێت سەرۆک بێت.