ترەمپ: هەشت لە 10 بە ماکرۆن دەدەم
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، لەبارەی پرسی کردنەوەی تەنگەی هورمز لەگەڵ هەریەکە لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا و کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا قسەی کردووە.
ترەمپ سەبارەت بە ئیمانوێل ماکرۆن رایگەیاند، "بەڵێ، قسەم لەگەڵ کردووە. لە 0 بۆ 10، دەڵێم ئەو لە ئاستی 8 دایە. تەواو و بێ کەموکوڕی نییە، بەڵام ئەوە فەرەنسایە و ئێمە چاوەڕێی شتی بێ کەموکوڕی لەوان ناکەین."
سەبارەت بە وەڵامی کییەر ستامەریش تایبەت بە ئەگەری ناردنی هێز بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز، ترەمپ گوتی، "سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دوێنێ پێی گوتم، لەگەڵ تیمەکەم کۆدەبمەوە بۆ ئەوەی بڕیارێک بدەین. منیش گوتم، پێویست ناکات لەگەڵ تیمەکەت کۆببیتەوە چونکە تۆ سەرۆکوەزیرانی و دەتوانیت بڕیاری خۆت بدەیت. بۆچی دەبێت لەگەڵ تیمەکەت کۆببیتەوە بۆ ئەوەی بزانیت ئایا چەند کەشتییەکی مینتێکشکێنەرمان بۆ دەنێریت یان چەند بەلەمێکمان بۆ دەنێریت؟"
ئەو گوتانەی سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەوە هاتن کە رۆژی یەکشەممە، 15ی ئادار، ترەمپ داوای لە ژاپۆن، کۆریای باشوور، بەریتانیا، فەرەنسا و وڵاتانی دیکەی ئەورووپا کرد بەشداربن لە پێکهێنانی هێزێک بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز.
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامی دانەوە. لە دووەم رۆژی جەنگەکەشەوە ئێران تەنگەی هورمزی داخستووە.