ترەمپ: ئێران رازی بووە پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرێت و هەرگیز تەنگەی هورمز دانەخاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەرێگەی زنجیرەیەک پەیامەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ، گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێرانی راگەیاند و جەختی کردەوە کە تەنگەی هورمز جارێکی دیکە داناخرێت و سەرجەم مینەکانیش پاکدەکرێنەوە. هاوکات بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو و تووند، فەرمانی بە ئیسرائیل کرد کە بە تەواوی بۆردوومانەکانی سەر لوبنان رابگرێت و گوتی: "ئیدی بەسە!!!"
 
هەروەها لە لێدوانێکی جیادا بۆ پێگەی "نیووز نەیشن"ی ئەمریکی، رایگەیاند کە تاران رازیبووە پیتاندنی یۆرانیۆم بوەستێنێت. 
 
رۆژی هەینی، 17ی نیسانی 2026، ترەمپ کۆتاییهاتنی قەیرانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بە شێوازی تایبەتی خۆی راگەیاند. 
 
لە یەکێک لە پەیامەکانیدا نووسیویەتی: "ئێران رازی بووە کە هەرگیز جارێکی دیکە تەنگەی هورمز دانەخاتەوە. چیدی ئەم تەنگە وەک چەکێک دژی جیهان بەکارناهێندرێت!" هەروەها باسی لەوە کرد کە: "ئێران بە هاوکاریی ئەمریکا سەرجەم مینە دەریاییەکانی لابردووە، یان خەریکە لایاندەبات."
 
سەبارەت بە چارەنووسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران کە یەکێک بوو لە ئامانجە سەرەکییەکانی جەنگەکە، ترەمپ رایگەیاند: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تەواوی ئەو 'تۆزە ئەتۆمییە'ی کە بەهۆی بۆمبهاوێژە بی تووە مەزنەکانمانەوە دروستبووە، وەردەگرێت." بە تووندیش رەتیکردەوە کە هیچ بڕە پارەیەک لەم رێککەوتنەدا درابێت بە ئێران و گوتی: "بە هیچ شێوەیەک، بە هیچ جۆرێک پارە ئاڵوگۆڕ ناکرێت."
 
هۆشدارییەکی تووند بۆ ئیسرائیل لەسەر لوبنان
 
هەرچەندە ترەمپ روونیکردەوە کە ئەم رێککەوتنەی نێوان ئەمریکا و ئێران "بە هیچ شێوەیەک" پەیوەندیی بە دۆخی لوبنانەوە نییە، بەڵام قسەیەکی زۆر تووندی بەرامبەر بە ئیسرائیل کرد و رایگەیاند: "ئیسرائیل ئیدی بۆردوومانی لوبنان ناکات. ئەوان لەلایەن ئەمریکاوە ئەو کارەیان لێ قەدەخە کراوە. ئیدی بەسە!!!"
 
ترەمپ لە پەیامێکی دیکەیدا دووپاتی کردەوە کە ئەمریکا بە جیا کار لەگەڵ لوبنان دەکات و کێشەی حیزبوڵڵا بە "شێوەیەکی گونجاو" چارەسەر دەکات و دروشمە بەناوبانگەکەی خۆی بەکارهێنا و گوتی: "ئێمە لوبنان دووبارە مەزن دەکەینەوە!".
 
پەلاماردانی ناتۆ و سوپاسگوزاری بۆ هاوپەیمانەکان
سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە رەخنەی تووندی لە هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) گرت و گوتی: "ئێستا کە کێشەی تەنگەی هورمز کۆتایی هاتووە، پەیوەندییەکم لە ناتۆوە بۆ هات و پرسیاریان کرد ئایا پێویستمان بە هاوکارییە. پێم گوتن لێمان دوور بکەونەوە، مەگەر تەنیا بیانەوێت کەشتییەکانیان پڕ بکەن لە نەوت. ئەوان کاتێک پێویستمان پێ بوو، بێسوود بوون، تەنیا پڵنگێکی کارتۆنین."
 
لە کۆتایی پەیامەکانیدا، ترەمپ سوپاسی ئەو وڵاتانەی کرد کە لە قەیرانەکەدا هاوکاریی ئەمریکایان کردبوو. ئەو "سوپاسی سعودیە، ئیمارات و قەتەر"ی کرد بۆ "ئازایەتی و هاوکارییە گەورەکەیان."
 
هەروەها پەیامێکی تایبەتی بۆ پاکستان نارد کە میوانداریی دانوستاندنەکانی دەکرد و نووسیویەتی: "سوپاس بۆ پاکستان و سەرۆکوەزیرانە مەزنەکەی و مارشاڵەکەی، دوو کەسایەتیی زۆر نایابن!"
 
دۆناڵد ترەمپ دەڵێت ئەمڕۆ "رۆژێکی مەزن و بلیمەتانەیە بۆ جیهان!".