ترەمپ: رێککەوتن لەگەڵ ئێران نزیکە و هیچ خاڵێکی ناکۆک نەماوە
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی هەینی ئاماژەی بەوە کرد، رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئێران نزیکە لە تەواوبوون.
سەرۆکی ئەمریکا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، هیچ "خاڵێکی ناکۆک" لەنێوان واشنتن و تاران نەماوە؛ هەروەها پێچەوانەی هەواڵێکی ماڵپەڕی ئەکسیۆس، ئەی ئێف پی دەڵێت، ترەمپ رەتیکردووەتەوە لە بەرامبەر رادەستکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو، ئەمریکا هیچ بڕە پارەیەک بە ئێران بدات.
لێدوانەکانی ترەمپ دوای زنجیرەیەک پۆست هاتن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە تێیاندا باسی لە بەڵێنەکەی ئێران کرد بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز و ئەو پێشکەوتنانەی لە کۆتاییهێنان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بەدەستهاتوون.
ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکی تەلەفۆنیی کورتدا لە لاس ڤێگاسەوە بە فرانس پرێسی گوت: "زۆر نزیکین. پێدەچێت بۆ هەمووان زۆر باش بێت. ئێمە زۆر نزیکین لە گەیشتن بە رێککەوتن."
لەبارەی تەنگەی هورمزەوە ترەمپ گوتی: "تەنگەکە دەکرێتەوە، لە راستیدا ئێستا کراوەیە. دۆخەکە زۆر بە باشی دەڕوات."
پێشتر ئێران رایگەیاندبوو، لە ماوەی ئاگربەستەکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا تەنگەی هورمز بە کراوەیی دەهێڵێتەوە.
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی، ترووس سۆشیاڵ، سوپاسی ئێرانی کرد؛ لە هەمان کاتدا پێداگری لەوە کرد کە گەمارۆی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران بە "تەواوی" دەمێنێتەوە تاوەکو رێککەوتنی ئاشتی تەواو دەبێت. لە یەکێک لەو دەیان پۆستەی سەرلەبەیانی رۆژی هەینی بڵاویکردنەوە، ترەمپ گوتی: "ئێران رازی بووە هەرگیز جارێکی دیکە تەنگەی هورمز دانەخات. چیدیکە ئەو رێڕەوە وەکو چەکێک دژی جیهان بەکارناهێنرێت."
بۆ نیشاندانی پێشکەوتنی زیاتر بەرەو رێککەوتن، سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەکرد کە ئێران بە هاوکاریی ئەمریکا خەریکی پاککردنەوەی تەنگەکەیە لە مینە دەریاییەکان.
یەکشەممەی رابردوو، گەڕی یەکەمی گفتوگۆی ئەمریکا و ئێران لە پاکستان بە سەرۆکایەتیی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بێ رێککەوتنی ئاشتی کۆتاییهات، بەڵام ترەمپ رایگەیاند، رەنگە بەمزووانە گەڕی دووەم دەست پێبکات.
بە گوتەی ترەمپ، داواکارییە سەرەکییەکەی ئەمریکا ئەوەیە کە نابێت ئێران هەرگیز توانای دروستکردنی چەکی ئەتۆمی هەبێت، رۆژی پێنجشەممەش رایگەیاند کە تاران رازی بووە دەستبەرداری یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی ببێت.
کاتێک پرسیاری لێکرا کە خاڵە ناکۆکەکانی ماونەتەوە بۆ رێککەوتنەکە چین، ترەمپ بە فرانس پرێسی گوت: "هیچ خاڵێکی ناکۆک نەماوە؛" هەروەها کاتێک پرسیاری لێکرا بۆچی دوای ئەو زنجیرە پۆستە گەشبینانە لەم کاتەدا ناتوانێت رێککەوتنەکە رابگەیێنێت، سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "من ئەوە ناکەم، [بەڵکو] بە نووسراو وەری دەگرم."
لە پۆستەکانیدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ترەمپ جارێکی دیکە باسی لە ئەگەری رێککەوتنی ئەتۆمی کرد، لە کاتێکدا پێداگری لەوە کرد، هیچ پارەیەک لە بەرامبەر رێککەوتنەکە بە ئێران نادات. ئەمەش دوای راپۆرتێکی ئەکسیۆس هات کە رایگەیاندبوو واشنتن بیر لە ئازادکردنی 20 ملیار دۆلاری سڕکراوی ئێران دەکاتەوە لە بەرامبەر یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەدا.
لە پۆستێکی دیکەدا ترەمپ دەڵێت: "ئەمریکا هەموو ئەو 'تۆزە' ئەتۆمییە وەردەگرێ کە لەلایەن بۆمبهاوێژە مەزنەکانمان لە جۆری B2 کەوتە ژێر شاخەکان. بە هیچ شێوە و جۆرێک پارە لە بەرامبەر ئەوەدا نادرێت."