نوێنەری پاکستان لە UN بۆ رووداو: رەنگە ئاگربەستی ئێران و ئەمریکا درێژ بکرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

عاسم ئیفتخار ئەحمەد، نوێنەری پاکستان لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ، حکومەتی وڵاتەکەی لە ئاستێکی زۆر باڵادا وەک ئاسانکار لەنێوان تاران و واشنتن کاردەکات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەری درێژکردنەوەی ئەو ئاگربەستە لە ئارادایە کە تاوەکو 21ـی نیسان بڕیاری لەسەر دراوە.
 
رۆڵی پاکستان لە کردنەوەی تەنگەی هورمز
 
نوێنەری پاکستان لە وەڵامی پرسیارێکی نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو لە نیویۆرک سەبارەت بە رۆڵی وڵاتەکەی لە راگەیێندراوەکەی ئێران بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز، گوتی: "پاکستان هەڵوێستی خۆی زۆر بە روونی راگەیاندووە. ئێمە لە ئاستێکی زۆر باڵا لەگەڵ هەموو لایەنەکان، لەوانەش ئێران و ئەمریکا لە پەیوەندیداین. رۆژی رابردوو لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش جەختمان لەوە کردەوە کە رۆڵی ئێمە تەنیا ئاسانکارییە بۆ پەیام گۆڕینەوە لەنێوان هەردوولادا."
 
ئامادەکاری بۆ گەڕی دووەمی گفتوگۆکان
 
سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی، ئیفتخار ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد کە گەڕی یەکەمی گفتوگۆکان لە ئیسلامئاباد ئەنجام درا و ئێستا کار بۆ بەردەوامبوونی پڕۆسەکە دەکرێ. 
 
ئەو دیپلۆماتە پاکستانییە گوتی: "هەموو گفتوگۆکان بەردەوامن بۆ ئەوەی بزانرێ چۆن پڕۆسەی دیالۆگەکە بەرەو پێش بچێت. رەنگە پێویست بکات ئەو ئاگربەستەی کە تاوەکو 21ـی ئەم مانگە دیاریکراوە درێژ بکرێتەوە، بۆیە هەموو ئەمانە ئێستا تاوتوێ دەکرێن."
 
ئاسۆی ئاشتی و گەشبینیی پاکستان
 
کاتێک لەبارەی ئاسۆی گەیشتن بە ئاشتی لەنێوان تاران و واشنتن پرسیاری لێکرا، نوێنەری پاکستان لە نەتەوە یەکگرتووەکان گەشبینیی خۆی نیشاندا و بە رووداوی راگەیاند: "دەبێت گەشبین بین، پێشم وایە ئاماژەکان تاوەکو ئێستا باشن."
 
ئیفتخار ئەحمەد نەیویست پێشوەختە بڕیار لەسەر ناوەڕۆکی ئەو بابەتانە بدات کە لە نێوان لایەنەکاندا باس دەکرێن، بەڵام دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە گواستنەوەی پەیامەکان بۆ نزیککردنەوەی تێڕوانینی لایەنەکان.
 
دەقی پرسیار و وەڵامەکەی نامۆ عەبدوڵڵا و عاسم ئیفتخار ئەحمەد، نوێنەری پاکستان لە نەتەوە یەکگرتووەکان:
 
رووداو: رات چییە لەسەر راگەیێندراوەکەی ئێران کە دەڵێت تەنگەی هورمز کراوەیە؟ ئایا ئێوە وەک پاکستان هیچ رۆڵێکتان لەمەدا هەبوو؟
 
ئیفتخار ئەحمەد: من و پاکستان دوێنێ لە کۆمەڵەی گشتیشدا هەڵوێستی خۆمان زۆر بە روونی راگەیاند. ئێمە لە ئاستێکی زۆر باڵا لەگەڵ هەموو لایەنەکان لە پەیوەندیداین، لەوانەش ئێران و ئەمریکا. هەروەها پەیام گۆڕینەوە هەیە و رۆڵی ئێمە تەنیا ئاسانکارییە. ئەنجامەکانیشتان بینیوە. گەڕی یەکەم کرا، بۆیە هەوڵ بۆ بەردەوامبوونی ئەم گفتوگۆیە دەدرێت.
 
رووداو: هیچ پلانێک بۆ گەڕی دووەم هەیە؟
 
ئیفتخار ئەحمەد: هەموو گفتوگۆکان بەردەوامن. هەوڵ دەدرێ بزانرێ کە چۆن ئەم پڕۆسەی گفتوگۆیە بەردەوام بێت و ئەو ئاگربەستەی کە تاوەکو 21ی مانگ هەیە رەنگە پێویست بکات درێژ بکرێتەوە، بۆیە هەموو ئەمانە تاوتوێ دەکرێن. نامەوێ پێشوەختە بڕیار لەسەر هیچ شتێک بدەم کە لە نێوان لایەنەکاندا باس دەکرێ، بەڵام ئێمە لە رێگەی ئاڵوگۆڕی پەیامەکانەوە ئاسانکاری بۆ ئەم گفتوگۆیە دەکەین.
 
رووداو: پاکستان تا چەند گەشبینە بە ئاسۆی ئاشتی لەنێوان ئێران و ئەمریکا؟
 
ئیفتخار ئەحمەد: دەبێت گەشبین بین. پێشم وایە ئاماژەکان باشن.