ترەمپ: ئەو کاتەی رێککەوتنمان واژۆ کرد گەمارۆی تەنگەی هورمز لادەبەین

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا گەشبینیی خۆی لەبارەی بەڕێوەچوونی دانوستاندنەکان لەگەڵ ئێران دەردەبڕێت و رایدەگەیێنێت، "هەر کاتێک رێککەوتنەکە واژۆ کرا، دەستبەجێ گەمارۆکە لادەبرێت."
 
رۆژی هەینی 17ی نیسانی 2026 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەکاتی گەیشتنی بە ویلایەتی ئاریزۆنا لەبارەی ئێران قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و ئاماژەی بەوە کرد، رۆژێکی گرنگیان بەڕێکردووە و گفتوگۆکانیان بە ئاراستەیەکی باشدا دەڕۆن.
 
ترەمپ گوتی، "با ببینین چی دەبێت، بەڵام پێدەچێت باش بێت. گفتوگۆی زۆر باشمان ئەنجامداوە و هیوادارم ئەنجامی ئەو بابەتانەی باسیان دەکەین زۆر باش بن."
 
سەبارەت بە بەردەوامیی دانوستاندنەکانیش، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "دانوستاندنەکان بەردەوامن و لە کۆتایی هەفتەشدا بەردەوام دەبن؛ زۆر شتی باش خەریکە روودەدەن، ئەوە لوبنانیش دەگرێتەوە."
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە لێدوانەکانی بەرپرسانی ئێران کە دەڵێن هێشتا جیاوازیی گەورە لەنێوانیاندا ماوە، ترەمپ رایگەیاند، "رەنگە جیاوازی هەبێت، با ببینین چی دەبێت. ئەگەر هەبێت دەبێت چارەسەری بکەین، بەڵام من پێموانییە جیاوازییەکان ئەوەندە گەورە و بنەڕەتی بن."
 
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی قسەکانی ترەمپ، پرسی گەمارۆکانی سەر تەنگەی هورمز بوو. لە وەڵامی ئەوەی کەی گەمارۆکە کۆتایی پێدێت؟ ترەمپ جەختی کردەوە، "کاتێک رێککەوتنەکە واژۆ کرا، گەمارۆکەش کۆتایی پێدێت. هەر کە رێککەوتنەکە واژۆ کرا، دەستبەجێ گەمارۆکە لادەبرێت. کاتی کۆتاییهاتنی گەمارۆکە، کاتی واژۆکردنی رێککەوتنەکەیە."