ئوسترالیا: ئەمریکا داوای نوێی بۆ هاوکاری لە جەنگی ئێران لێنەکردووین
رووداو دیجیتاڵ
ئەنتۆنی ئەلبانیزی، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا رایگەیاند، وڵاتەکەی هیچ "داواکارییەکی نوێ"ـی لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە پێ نەگەیشتووە بۆ هاوکاری لە جەنگی ئێراندا، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ ناڕەزایەتیی خۆی بەرامبەر بە هەڵوێستی کانبێرا دەربڕیبوو.
ئەم لێدوانانەی ئەلبانیزی دوای ئەوە دێن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە لە واشنتن بە رۆژنامەڤانانی گوت: "من لە هەڵوێستی ئوسترالیا رازی نیم، چونکە کاتێک داوامان لێ کردن ئامادە نەبوون." ترەمپ بەتایبەتی ئاماژەی بەوە کرد، ئوسترالیا لە پرسی پاراستنی تەنگەی هورمزدا رۆڵێکی ئەوتۆی نەبووە.
سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا لە وەڵامدا گوتی، ترەمپ خۆی بە روونی ئاماژەی بەوە کردووە کە "کۆنتڕۆڵی تەواوی بارودۆخەکەی لە دەستە" و تاوەکو ئێستاش هیچ داواکارییەکی نوێ لە واشنتنەوە نەگەیشتووە.
ئوسترالیا هەر لە سەرەتای جەنگەوە رایگەیاندووە، راستەوخۆ بەشداریی شەڕی دژی ئێران ناکات، بەڵام ئارەزووی کردنەوەی تەنگەی هورمز دەکات بۆ تێپەڕبوونی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان.
ریچارد مارڵز، وەزیری بەرگریی ئوسترالیا رایگەیاند، وڵاتەکەی لە گفتوگۆی بەردەوامدایە لەگەڵ فەرەنسا، بەریتانیا و ئەمریکا سەبارەت بە دۆخی تەنگەی هورمز.
بەرپرسانی ئوسترالی رایانگەیاندووە کردووە، مانگی رابردوو کاتێک ئەمریکا داوای هاوکاریی بۆ پاراستنی وڵاتانی کەنداو کرد، کانبێرا فڕۆکەیەکی سیخوڕیی پێشکەوتووی جۆری "E-7 Wedgetail" و چەندین مووشەکی بەرگریی بۆ پاراستنی ئاسمانیی ئیمارات ناردووە.