ترەمپ: بە حەفارەی گەورە یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی ئێران دەبەین بۆ ئەمریکا

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەر رێککەوتنێکی ئاشتی لەگەڵ ئێران، واشنتن و تاران بەیەکەوە و بە بەکارهێنانی حەفارەی گەورە، یۆرانیۆم لە پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران دەردەهێنن و بۆ ئەمریکای دەگوازنەوە.
 
رۆژی هەینی 17ی نیسانی 2026 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکی رێکخراوی (Turning Point USA) لە فینێکسی ویلایەتی ئەریزۆنا گوتارێکی پێشکێش کرد، تێیدا وردەکاریی نوێی لەبارەی چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ یۆرانیۆمی ئێران ئاشکرا کرد.
 
سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارەکەیدا گوتی، "هەندێک کەس دەپرسن چۆن دەستمان بەو تۆزە ئەتۆمییە دەگات؟ ئێمە لەگەڵ ئێران و بە بەکارهێنانی ژمارەیەکی زۆر لە ئامێری تایبەت دەستمان پێی دەگات. پێویستمان بە گەورەترین حەفارە دەبێت کە ناتوانن وێنای بکەن."
 
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، "بەیەکەوە لەگەڵ ئێران دەچینە ژوورەوە و یۆرانیۆمە پیتێندراوەکە بەدەستدەهێنین؛ بەمزووانە دەیهێنین بۆ نیشتمان، بۆ ئەمریکا."
 
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێشتر رەتیکردبووەوە یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەیان بۆ دەرەوەی وڵات بگوازنەوە و رایگەیاندبوو، ئەو ماددانە بۆ "هیچ شوێنێک" ناگوازرێنەوە.
 
سەرۆکی ئەمریکا بەردەوام زاراوەی "تۆزی ئەتۆمی" بۆ یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران بەکاردەهێنێت، کە واشنتن تاران تۆمەتبار دەکات بەوەی بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی کۆی کردووەتەوە. هەروەها هەندێک جار ئەم زاراوەیە بۆ ئەو پاشماوانە بەکاردەهێنێت کە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە حوزەیرانی ساڵی رابردوو بەجێماون.
 
لەبارەی نزیکبوونەوەی رێککەوتنەکەش، ترەمپ زۆر گەشبین بوو و رایگەیاند، رێککەوتنەکە "زۆر نزیکە."