دادگایەکی ئێرلەندای باکوور ناردنی کۆچبەران لە بەریتانیاوە بۆ رواندا رەتدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سێ هەفتەیە ناردنی کۆچبەران لە بەریتانیاوە بۆ رواندا بووەتە یاسا. ماوەیەکی دوور و درێژی ویست تاوەکو حکومەتی بەریتانیا توانیی ئەوە تێپەڕێنێت، بەڵام پێناچێت دادگاکانی بەریتانیا بهێڵن یاساکە وەکو حکومەت دەیەوێت جێبەجێ بکرێت.
ئەم هەفتەیە دادگایەکی ئێرلەندای باکوور بڕیاریدا یاساکە لە ناوچەکەی ئەوان جێبەجێ نەکرێت. هۆیەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا پشتگوێخستنی یاساکانی تایبەت بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤە. بە پێچەوانەی یاساکانی ئەورووپاشە، کە هێشتا بەریتانیا لە رووە یاساییەکەوە بەشێکە لێی.
لە کۆماری ئێرلەنداش، کە جیا لە ئێرلەندای باکوورە و بەشێکە لە یەکێتیی ئەورووپا، کێشەیەکی نوێ دروستبووە؛ هێڵن مەک-ئێنتێی، وەزیری دادی ئێرلەندا رایگەیاندووە، تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە، ژمارەیەکی زۆر کۆچبەر بۆ بەریتانیا دیپۆرت دەکەنەوە.
ئەوەی وەزیرە ئێرلەندییەکە دەیڵێت، دیاردەیەکی نوێ و سەرنجڕاکێشە، چونکە بە درێژایی دەیەکانی رابردوو، کۆچبەران لە ئێرلەنداوە خۆیان دەگەیاندە بەریتانیا، بەڵام ئێستا پێچەوانە بووەتەوە. وەکو وەزیرەکە باسی دەکات، 80%ی ئەوانەی وەکو کۆچبەر دەگەنە ئێرلەندا لە بەریتانیاوە دێن و ئەوانەن کە لەترسی ناردنیان بۆ رواندا هەڵاتوون.