دۆسیەی کوشتنی جەمال خاشوقچی دەکرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دۆسیەی کوشتنی جەمال خاشوقچی، رۆژنامەڤانی سعودی، کە لە ساڵی 2018 لەنێو کۆنسووڵخانەی ئیستەنبووڵ کوژرا، لە فەرەنسا دەخرێتە ژێر لێکۆڵینەوەی دادوەری. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە دادگەی پێداچوونەوەی پاریس سکاڵایەکی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی قبووڵ کرد.
 
داواکاری گشتیی دژەتیرۆری فەرەنسا (PNAT) رایگەیاند، دادوەرێک بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی کوشتنی جەمال خاشوقچی راسپێردراوە. لێکۆڵینەوەکە لەسەر بنەمای تۆمەتەکانی "ئەشکەنجەدان" و "بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ" بەڕێوەدەچێت.
 
جووڵاندنی ئەم دۆسیەیە لەسەر داوای رێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور (RSF) و رێکخراوی TRIAL International بووە. ئەو رێکخراوانە لە ساڵی 2022 و لە کاتی سەردانەکەی محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە بۆ پاریس، سکاڵایەکیان پێشکێش بە دەسەڵاتی دادی فەرەنسا کرد.
 
سەرەتا داواکارییەکە رەتکرایەوە، بەڵام دادگەی پێداچوونەوەی پاریس لە 11ی ئایاری ئەم ساڵدا بڕیاری دا، دۆسیەکە شایەنی لێکۆڵینەوەیە و دەبێت دادوەرێکی بۆ دیاری بکرێت.
 
بۆچی فەرەنسا لێکۆڵینەوە دەکات؟
 
بەو پێیەی فەرەنسا ئەندامە لە "رێککەوتننامەی دژ بە ئەشکەنجە"ی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەسەڵاتی ئەوەی هەیە لێکۆڵینەوە لەگەڵ هەر کەسێک بکات کە گومانی تێوەگلانی لە ئەشکەنجەدان لێدەکرێت، بەو مەرجەی ئەو کەسە پێ بنێتە سەر خاکی فەرەنسا.
 
لەبەر ئەوەی محەممەد بن سەلمان لە ساڵی 2022 سەردانی فەرەنسای کرد و لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن کۆبووەوە، ئەمە دەرفەتی یاسایی بۆ دادگەکانی فەرەنسا رەخساند کە دۆسیەکە بجووڵێنن، هەرچەندە تاوانەکە لە تورکیا کراوە.
 
جەمال خاشوقچی لە 2ی تشرینی یەکەمی 2018، کاتێک بۆ راییکردنی مامەڵەی هاوژینی سەردانی کۆنسووڵخانەی سعودیەی لە ئیستەنبووڵ کرد، لە ناو کۆنسووڵخانەکەدا کوژرا و تەرمەکەی بێسەروشوێن کرا.
 
هەواڵگریی ئەمریکا (CIA) لە راپۆرتەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئۆپەراسیۆنی کوشتنەکە بە فەرمانی محەممەد بن سەلمان بووە، بەڵام شازادەی جێنشین هەمیشە ئەو تۆمەتانەی  رەتکردووەتەوە. تورکیا لە ساڵی 2022 دۆسیەکەی داخست و رادەستی سعودیەی کرد، کە ئەوەش کاردانەوەی تووندی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی لێکەوتەوە. ئێستا کردنەوەی دۆسیەکە لە فەرەنسا، جارێکی دیکە کوشتنی خاشوقچی دەباتەوە نێو هۆڵەکانی دادگەی نێودەوڵەتی.