کەسوکاری بێسەروشوێنبووانی بەلەمەکەی یۆنان: ئومێدمان هەیە لە ژیاندا مابن
رووداو دیجیتاڵ
دایک و باوکی کۆچبەرە سووریاییە بێسەروشوێنبووەکانی رووداوی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەی یۆنان، هێشتا بە ئومێدن منداڵەکانیان زیندوو بن. ئەوە لەکاتێکدایە، چوارشەممەی رابردوو بەلەمێکی ماسیگریی پڕ لە کۆچبەر لە نزیک نیمچە دوورگەی پێلۆپۆنێسی یۆنان ژێرئاوکەوت و لە ئەنجامدا لانیکەم 78 کۆچبەر خنکان.
لەبەرئەوەی ژمارەی راستەقینەی سەرنشینانی بەلەمە ژەنگگرتووەکە نازانرێت، گوماندەکرێت سەدان کۆچبەر بێسەروشوێن بووبن، کەسوکارەکانیان باسیان لەوە کردووە لانیکەم 141 کۆچبەری خەڵکی سووریا و رۆژئاوای کوردستانی تێدابوون.
"35 هاونیشتمانیی رۆژئاوای کوردستان"
هاونیشتمانیێکی کۆبانێ بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، لانیکەم 35 لە سەرنشینەکانی نێو بەلەمەکە هاونیشتمانیی رۆژئاوای کوردستان بوون.
تۆڕی میدیایی رووداو ناوی 9 کۆچبەری خەڵکی شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستانی دەستکەوتووە کە لە نێو ئەو بەلەمەدا بوون، پێنجیان بێ سەروشوێنن و چواریان رزگاریان بووە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەحمەد بۆزان، محەممەد ئەحمەد، وەلید محەممەد قاسم، محەممەد فەوزی شێخۆ و دیار محەممەد بێسەروشوێنن، ئەو چوار گەنجەشی کە رزگاریان بووە، عەلی فەوزی شێخۆ، خالد مستەفا، رخیان عادل ئەحمەد و ئازاد فارووق محەممدن کە ئێستا لە یۆنانن.
محەممەد قاسم، باوکی وەلید بە رووداوی راگەیاند، کوڕەکەی لە کۆبانێوە رۆیشتووە بۆ لوبنان، لەوێشەوە بە فڕۆکە چووەتە لیبیا، رۆژێک پێش ئەوەی سواری بەلەمەکە بێت، تەلەفۆنی بۆ کردووە و پێی گوتووە، بەرەو ئیتاڵیا دەڕۆن.
محەممەد قاسم بە رووداوی گوت: "کوڕەکەم تەمەنی 14 ساڵە. ئەوان 7 کەس بوون کە بەیەکەوە چوونە دەرەوە. عەلی بە دوای خاڵیدا رۆیشت. 5ی ئەم مانگە لوبنانیان جێهێشت، 7ی مانگ گەیشتنە لیبیا، 9ی مانگ تەلەفۆنی بۆ کردین و گوتی 'سبەی کاژێر 5:00 بەڕێدەکەوین بۆ ئەوەی بڕۆینە ئیتاڵیا.' دواتر زانیمان کە بەلەمەکەیان لە یۆنان ژێرئاوکەوتووە و تا ئێستا هیچی لەبارەیەوە نازانین."
باوکی عەلی گوتیشی: "لە رێگەی رووداوەوە، داوا لە خێرخوازان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین، ئەگەر زیندوو بن، بیانگەڕێننەوە لامان، ئەگەر مردووشن، داوای تەرمەکانیان دەکەین."
"کەس، کەسی نەدەبینی، تەرمێکی زۆر سەرئاوکەوتبوون"
هاونیشتمانیێکی کۆبانێ دەڵێت، لانیکەم 35 لە سەرنشینەکانی نێو بەلەمەکە هاونیشتمانیی رۆژئاوای کوردستان بوون.
بۆزان شوکری، باوکی یەکێک لە کۆچبەرە بێسەروشوێنبووەکانی دیکە رۆژی شەممە لە کۆبانێوە لە بووڵتەنی کاژێر 19:00ی رووداو کە دڵبخوین دارا پێشكێشی دەکات، بەشداربوو و باسی لەوە کرد، ئەحمەدی تەمەن 17 ساڵانی کوڕی، سەرەتا چووەتە لوبنان، دواتر لەوێوە چووەتە لیبیا و "سێ مانگ نابێ لەوێ کاریدەکرد. سێ مانگ بوو هیچ ئاگامان لێی نەمابوو. ئەم هەینییە تەلەفۆنێکمان بۆ هات، گوتیان کوڕەکەت دەچێتە ئەڵمانیا. دواتر هەواڵیان پێداین کە بەلەمەکە ژێرئاوکەوتووە."
بۆزان شوکری ئاماژەی بەوە کرد، شەش لە بێسەروشوێنەکان کەسوکاری یەکدین.
گوتیشی: "کاژێر 12:00ی شەو تەلەفۆنی بۆ کردین و پێی گوتین، 'چاوەڕێم دەکەن، دەبێت بڕۆم'، دوای ئەوە ئاگامان لێی نەما و هیچ پەیوەندییەکی نەبوو، تاوەکو دوای ئەو کاتەی ژێرئاوکەوت، لە فەیسبووکەوە زانیمان. تەلەفۆنمان بۆ قاچاخچی کرد، جارێک دەیگوت دەزانم، جارێک دەیگوت نازانم" چی روویداوە.
بە گوتەی بۆزان، قاچاخچییەکە ناوی گیڤارا بووە و نازانرێت خەڵکی کوێیە. بۆ هەر کەسێک، شەش هەزار دۆلاری وەرگرتووە بۆ ئەوەی لە لوبنانەوە بیانگەیێنێتە ئیتاڵیا.
عەلی کە ئامۆزای ئەحمەدە و رزگاریبووە، قسەی لەگەڵ بۆزان کردووە و لە بارەی کوڕی بۆزان و برای خۆیەوە گوتوویەتی "کە بەلەمەکە ژێرئاوکەوت، کەس کەسی نەدەدیت؛ کاژێر 2:30ی شەو بوو. ژمارەیەکی زۆر تەرم سەرئاو کەوتبوون."
بۆزان بە رووداوی گوت: "لە رێگەی ئێوە و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە داوای یارمەتی دەکەین بۆ ئەوەی بۆمان بدۆزرێنەوە."
راکردن "لە مردنەوە بۆ مردن"
لە کۆبانێ، محەممەد محەممەد بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، چاوەڕێی ئەوەیە هەواڵێک لە چارەنووسی (دیار)ی کوڕە 15 ساڵانەکەی بزانێت.
محەممەدی تەمەن 48 ساڵان دەڵێت: "رۆژ دوای رۆژ ئومێدی بینینەوەی کوڕەکەم کەمتردەبێت. دیار بۆیە ئێرەی جێهێشت چونکە دۆخەکە زۆر خراپە."
کۆبانێ بووە سیمبولی سەرکەوتن بەسەر داعش دا، دوای ئەوەی کە لە ساڵی 2015 شەڕڤانان رێکخراوە پەڕگیرەکەیان لە شارەکە وەدەرنا. بەڵام شارەکە بەردەوام لە لایەن تورکیاوە دەکرێتە ئامانج. تورکیا چەندین هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر شارەکە و هەڕشەی هێرشی زەمینیش دەکات.
محەممەد باس لەوە دەکات، خێزانەکەی لە دووریی کەمتر لە یەک کیلۆمەتر لە سنووری تورکیاوە دەژین.
باوکی دیار دەڵێت: "خەونی دیار ئەوە بوو بچێتە ئەڵمانیا لای براکەم کە لەوێ دەژی، هەموو کەسێک دەیەوێت بڕوات."
محەممەد دەڵێت، براکەی چووەتە یۆنان بەو هیوایەی کە دیار بدۆزێتەوە، بەڵام رێگەی پێنەدراوە بچێتە نەخۆشخانەکان بۆ ئەوەی قسە لەگەڵ رزگاربوواندا بکات. دەشڵێت، "خەڵک لە مردن رادەکات و بە مردن دەگات."
ئەیاد خەڵکی ناوچەی جاسمی پارێزگەی درعای سووریایە، ئاماژە بەوە دەکات، هێشتا عەلیی کوڕە 19 ساڵانەکەی بێ سۆراخە.
ئەیاد کە لە قوتابخانەیەک کاردەکات و رەتیدەکاتەوە ناوی تەواوی خۆی ئاشکرا بکات. دەڵێت: "هیچ هەواڵێکی کوڕەکەم نازانم. قسەم لەگەڵی نەکردووە. دەنگیم نەبیستووە. سێ رۆژە دایکی بەردەوام دەگری."
پیاوە 47 ساڵانەکە دەڵێت، گوێی لە دوو راپۆرتی یۆنان بووە، یەکێکیان باس لەوە دەکات کوڕەکەی رزگاریبووە و ئەوەی دیکەش بە مردوو هەژماری کردووە.
ئەیاد دەشڵێت: "هێشتاش هیوام ماوە کوڕەکەم لە رزگاربووەکان بێت. شەو و رۆژ نزا دەکەین و لە خوا دەپاڕێینەوە."
"ژیانێکی باشتر"
باوکی عەلی دەڵێت، کوڕەکەی لە لیبیا بەدوای ژیانێکی خۆشتردا دەگەڕا و بە فڕۆکە لە دیمەشقەوە چووبووە ئەوێ. "پێی گوتین دەیەوێت لە خواردنگەیەک کاربکات و بە نیاز بووە پارە بۆ خێزانەکەی بنێرێتەوە".
ئەیاد دەشڵێت: "نەماندەزانی دەیەوێت بەلەمێک بگرێت. ئەگەر بمانزانیبا، رێگەمان پێ نەدەدا."
بە گوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکانی درعا، 106 لەو کۆچبەرانەی لە بەلەمەکەدا بوون، خەڵکی باشووری سووریا بوون، بە زۆریش پارێزگای درعا کە "دۆخی ژیان و ئاسایش لە توانابەدەرە."
چالاکڤانانی "نووسینگەی تۆمارکردنی شەهیدانی درعا" دەڵێن، تاوەکو ئێستا تەنیا لە رزگاربوونی 34یان دڵنیان.
کوڕێکی نابینای تەمەن 15 ساڵ و خوشکە تەمەن 28 ساڵانەکەی کە خەڵکی پارێزگای درعان، بێسەروشوێنن، ئەمە بە گوێرەی مامێکیان.
پارێزگای درعا دەروازەی راپەڕینەکەی ساڵی 2011ی دژی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا بوو، بەڵام ساڵی 2018 گەڕایەوە ژێر دەسەڵاتی حکومەت.
ئەیاد ئاماژە بەوە دەکات، خاڵی عەلی لە ئەڵمانیاوە چووەتە یۆنان بۆ ئەوەی بەدوای کوڕەکەدا بگەڕێت، بەڵام وەک ئەوە وایە "لە نێو کادا بە دوای دەرزیدا بگەڕێی."
ئەیاد دەڵێت: "بۆ ئێمە، ئەو بێسەروشوێنە. پرسەمان دانەناوە و داینانێین تاوەکو دڵنیادەبینەوە لەوەی چی روویداوە. ئەگەر بە زیندوویی بدۆزرێتەوە، دەیگەڕێنینەوە سووریا. نامەوێت کوڕەکەم لە من دوور بێت، تەنانەت بۆ یەک چرکەش. پارەیەکی زۆرمان قەرزکرد بۆ ئەوەی بینێرینە لیبیا بۆ ئەوەی کاربکات، نەک بۆ ئەوەی بمرێت."