ئیلۆن مەسک: ژیریی دەستکرد تێکدەرترین تەکنەلۆژیایە


رووداو دیجیتاڵ

ئیلۆن مەسک باس لە چەند پرسێکی تایبەت بەو کۆمپانیایانە دەکات کە خۆی خاوەندارێتییان دەکات و دەشڵێت، "ژیریی دەستکرد تێکدەرترین تەکنەلۆجیایە."

رۆژی هەینی، 16ـی حوزەیرانی 2023، ئیلۆن مەسک، سەرمایەدار و خاوەنی کۆمپانیای تویتەر، لە کۆنفرانسێکی تەکنەلۆجیا کە لە پاریس رێکخرا بوو، باسی لە یاساکانی یەکێتیی ئەوروپا کرد و ئاماژەی بەوەکرد کە ئەو دژی سانسۆرکردنی تویتەرە و لەگەڵ ئەوەدایە خەڵک بە ئازادی بتوانن رای خۆیان دەرببڕن و گوتی، "دەمانەوێت هاووڵاتی ئەوە بڵێت کە دەیەوێت."
 
مەسک ئاماژەی بەوەش کرد کە کۆمپانیای Neuralinkـی ئەمریکی کە لەلایەن خۆیەوە خاوەندارێتی دەکرێت، ئەمساڵ دەست بە ئەنجامدانی تاقیکردنەوە لەسەر مرۆڤ دەکات و مێشکی مرۆڤ بە کۆمپیوتەر و ئامێرە زیرەکەکانەوە دەبەستێتەوە و گوتی، "لە رێگەی نەشتەرگەرییەوە ئامێرەکە لەنێو سەری مرۆڤ جێگێر دەکرێت و دەتوانێت چالاکی دەمارەکان تۆمار بکات و لە رێگەی سیگناڵەوە چالاکییەکان بگوازرێنەوە بۆ ئامێرە زیرەکەکان."
 
بەگوتەی مەسک، لە دوای چاندنی ئامێرەکە لەنێو مێشکیدا، مرۆڤ دەتوانێت بێ ئەوەی هیچ جووڵەیەکی فیزیکی ئەنجامبدات، کارەکانی بکات، بۆ نموونە، مرۆڤ دەتوانێت بێ بەکارهێنانی دەستی، ئەوەی لە مێشکیدایە بینووسێت یان تەنیا لە رێگەی مێشکەوە مرۆڤ دەتوانێت کار بە مۆبایلەکەی بکات.
 
مەسک باسی لە تەکنەلۆژجیای ژیریی دەستکرد کرد و گوتیشی، "تاوەکو ئێستا ژیریی دەستکرد تێکدەرترین تەکنەلۆجیایە؛ ئەوەی سەیرە ئەوەیە کە ئێمە دەزانین مرۆڤ لە بوونەوەرەکانی دیکە زیرەکترە، بەڵام یەکەمجارە شتێکی زیرەکتر لە مرۆڤ دێتە ئاراوە." 
ژیریی دەستکرد، بەگوتەی مەسک، "ئەگەر زۆر وریا نەبین، ئەنجامێکی کارەساتباری لێدەکەوێتەوە." 
 
مەسک ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو لەگەڵ رێکخستنی ژیریی دەستکردە و هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە "ژیریی دەستکردی پێشکەوتوو، مەترسییە بۆ سەر خەڵک."
 
کۆمپانیای تێسلا، بەگوتەی مەسک، نزیکووەتەوە لەوەی کە ئۆتۆمبێلی بێ شۆفێر دروست بکات و ئۆتۆمبێلەکە بەتەواوەتی خودکارە و پێویستی بە هیچ کەسێک نییە سەرپەرشتی بکات، "هەرچەندە پێشتر ئەمەم گوتووە، بەڵام پێم وایە لە ماوەیەکی کورتدا ئۆتۆمبێلی بێ شۆفێر دەکەوێتە بەردەست." 
 
ئیلۆن مەسکی تەمەن 51 ساڵ، سەرمایەدارێکی ئەمریکییە و خاوەنی کۆمپانیاکانی تویتەر، تێسلا و سپەیس ئێکسە و سەرمایەکەی بە 192 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.