تاران بۆ یەکێتیی ئەورووپا: بوونەتە پاساوهێنەرەوەی ئیسرائیل

 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، یەکێتیی ئەورووپای بەوە تۆمەتبار کرد کە رۆڵی "پاساوهێنەرەوە" بۆ ئیسرائیل دەگێڕێت. ئەمەش دوای ئەوەی کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتییەکە، نیگەرانیی خۆی لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمیی تارانەوە دەربڕی.
 
رۆژی سێشەممە 17-06-2025، ئیسماعیل بەقایی، لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس راستەوخۆ قسەکەی ئاراستەی کالاس کرد و داوای لێکرد: "تکایە واز لەوە بهێنن کە رۆڵی پاساوهێنەرەوە بۆ دەستدرێژیکار (ئیسرائیل) بگێڕن."
 
هەروەها گوتیشی: "چۆن دەتوانن نیگەرانیی دەرببڕن لەبارەی پرۆگرامە ئاشتیخوازانەکەی ئێرانەوە کە لەژێر تووندترین پشکنینی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدایە، هەروەها ئەو راستییە نادیدە بگرن کە رژێمی ئیسرائیل خاوەنی جبەخانەیەکی گەورەی چەکی ئەتۆمییە؟"
 
بەقایی دووپاتیکردەوە کە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران بە تەواوی ئاشتیخوازانەیە.
 
لە کاتێکدا ئێران واژۆی لەسەر پەیمانی بڵاونەکردنەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT) کردووە، ئیسرائیل واژۆی نەکردووە و بە شێوەیەکی بەربڵاو باوەڕ وایە خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت، هەرچەندە هەرگیز بە ئاشکرا دانی پێدا نەناوە.
 
بەقایی گوتیشی: "ئێران هەرگیز بەدوای چەکی ئەتۆمییەوە نەبووە، بە پێچەوانەی دەستدرێژیکارەوە کە تاکە رێگرە لەبەردەم رۆژهەڵاتی نێوەڕاستێکی خاڵی لە چەکی ئەتۆمی، ئامانجێک کە ئێران لە ساڵی 1974ـەوە داوای دەکات."
 
ئەم لێدوانە تووندەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە کە جەنگی راستەوخۆ و هەمەلایەنەی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیلدا لە لووتکەدایە. ئەم پەیامە بەشێکە لە بەرەیەکی دیکەی شەڕەکە، کە بریتییە لە "بەرەی دیپلۆماسی و راگەیاندن."