ماکرۆن: گۆڕینی دەسەڵات لە ئێران ئاژاوە لە ناوچەکە دروست دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، هەر هەوڵێک بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی ئێران، دەبێتە هۆی دروستبوونی "ئاژاوە" لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاماژە بە رۆڵی ئەمریکاش دەکات لە گەڕانەوە بۆ رێگەی دیپلۆماسییەت و چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ ئێران.
رۆژی سێشەممە، 17ی حوزەیرانی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن لە لووتکەی وڵاتانی گرووپی حەوت (G7) لە کەنەدا، سەبارەت بە جەنگی ئیسرائیل و ئێران، هۆشداری دا و رایگەیاند، هەر هەوڵێک بۆ گۆڕینی دەسەڵات لە ئێران دەبێتە هۆی دروستبوونی "ئاژاوە" لە ناوچەکە و "ئێمە نامانەوێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی یان توانای دروستکردنی مووشەکی بالیستی، بەڵام پێموایە گەورەترین هەڵە کە ئەمڕۆ بتوانین بیکەین، بەکارهێنانی هێزی سەربازییە بۆ گۆڕینی رژێم لە ئێران دا، چونکە ئەوە دەبێتە هۆی دروستبوونی ئاژاوە."
هەروەها سەرۆکی فەرەنسا، لەبارەی رۆڵی ئەمریکا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆڵێکی چارەنووسسازی هەیە لە دەستپێکردنەوەی رێگەی دیپلۆماسییەت لەگەڵ تاران. گوتیشی: "لەو باوەڕەدام کە سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ ئاگربەستە لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا."
سەبارەت بە هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ و ئەگەری بڕیاردانی ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لە جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران، ماکرۆن لەدرێژەی قسەکانیدا بۆ رۆژنامەڤانان دەڵێ: ''من باوەڕم وایە ئێمە پێویستمان بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە بۆ ئەوەی هەمووان بهێنینەوە سەر مێزی گفتوگۆ."
سەرۆکی فەرەنسا راشیگەیاند، پێدەچێت دۆناڵد ترەمپ بۆچوونی خۆی گۆڕیبێت. ئەمە دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە لە کەنەدا لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندام لە گرووپی حەوت کۆبووەوە، کە لەوێدا ماکرۆن بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "ترەمپ داوای ئاگربەستی کردووە".