واتسئەپ: زانیاریمان بە ئیسرائیل نەداوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

کۆمپانیای مێتا رەتیدەکاتەوە واتسئەپ زانیاریی لەگەڵ ئیسرائیل بەش کردبێت.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، کۆمپانیای مێتا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و وەڵامی تۆمەتەکانی ئێرانی دایەوە کە گوایە "واتسەپ زانیاریی بە ئیسرائیل دەدات" و داوای کردبوو هاووڵاتییان ئەپەکە بسڕنەوە.
 
کۆمپانیا تەکنەلۆجییەکە تۆمەتەکانی ئێران رەتدەکاتەوە کە گوایە زانیارییەکانی ئەپی نامەگۆڕینەوەکە لەگەڵ ئیسرائیل هاوبەش دەکرێت.
 
گوتەبێژێکی کۆمپانیای مێتا، کە خاوەنی واتسئەپە و هەروەها خاوەنی فەیسبوک و ئینستاگرامیشە، دەڵێت: "نیگەرانین ئەم راپۆرتە ناڕاستانە ببنە بیانوویەک بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەکانمان بلۆک بکرێن، لە کاتێکدا کە خەڵک زۆرترین پێویستییان پێیانە."
 
راگەیەنراوەکە دەڵێت کە "هەموو ئەو نامانەی لە واتسئەپدا بۆ خێزان و هاوڕێکانتانی دەنێرن، بە شێوەی 'ئینکرپشنی سەرتاپاگیر' (end-to-end encrypted)  پارێزراون، ئەمەش واتای ئەوەیە کە جگە لە نێرەر و وەرگر، هیچ کەسێکی دیکە دەستی بەو نامانە ناگات".
 
گوتەبێژەکەی مێتا گوتیشی: "ئێمە زانیاریی بەکۆمەڵ نادەینە هیچ حکومەتێک. بۆ ماوەی زیاتر لە دەیەیەکە، مێتا بە بەردەوامی راپۆرتی شەفافییەتی بڵاو کردووەتەوە کە ئەو بارودۆخە سنووردارانە روون دەکاتەوە کە تێیاندا داوای زانیاری واتسئەپ کراوە."
 
سێشه‌ممه‌، 17ـی حوزه‌یرانی 2025، كه‌ناڵی فه‌رمیی ئێران رایگه‌یاند، داوا له‌ هاووڵاتییانی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات پلاتفۆرمه‌كان "واتسئەپ و ئینیستگرام" له‌سه‌ر ئامێری مۆبایله‌كانیان بسڕنه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ شوێنه‌كانیان ده‌ستنیشان نه‌كرێت.