فەرەنسا و فینلاند بۆ رووداو: پێویستە ئێران و ئیسرائیل بە دیپلۆماسی کێشەکانیان چارەسەر بکەن

 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی فەرەنسا بە رووداوی راگەیاند، ئاگاداری پلانی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێران نەبوون. وەزارەتی دەرەوەی فینلاندیش بە رووداوی گوت، جەنگەکە دەبێتە هۆی ناسەقامگیری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان و هەربۆیە پێویستە بە دیپلۆماسی کێشەکانیان چارەسەر بکەن. 
 
رۆژی هەینی، ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانکردنی ئێران کرد و دواتر ئەویش بە مووشەک وەڵامی هێرشەکەی دایەوە. لەو کاتەوە هەردوولا هێرش دەکەنە سەر یەکدی. 
 
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی فەرەنسا بۆ رووداو: بەشداری ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیلمان بۆ سەر ئێران نەکردووە 
 
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی فەرەنسا سەبارەت بە جەنگی ئێران و ئیسرائیل لە وەڵامی ئیمەیڵێکی تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت: "ئامانجی لەپێشینەی فەرەنسا سەلامەتی هاووڵاتی و کارمەندەکانییەتی لە ناوچەکەدا. تیمە فریاگوزارییەکان لە پاریس و باڵیۆزخانەکانمان لە ناوچەکەدا تەواو ئامادەن (بۆ بەهاناوەچوونی) هاووڵاتییانمان"؛ دەشڵێت، "هێڵێکی پەیوەندی بۆ هاووڵاتیینمان دابینکراوە و بانگێشتی هاووڵاتییانمان لە ناوچەکەدا دەکەین خۆیان لە پڕۆگرامی (ئێیەرئین) تۆماربکەن و پەیڕەوی رێنماییەکانی گەشتکردن بکەن".
 
ئێیەرئین پڕۆگرامێکی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسایە و لە رێگەیەوە هاووڵاتییانیان لە گەشتکردن بۆ وڵاتانی جیهان و زانیارییەکانی دیکەی پەیوەست بەو بابەتە ئاگاداردەکرێنەوە. 
 
بەرپرسەکە گوتیشی: "داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین دانبەخۆیاندا بگرن و دەست بە گفتوگۆ بکەن بۆ رێککەوتن لەبارەی پڕۆگرامی ئەتۆمی"؛ ئاماژەی بەوەش کرد: "پێش هێرشەکان، لەلایەن ئیسرائیلەوە ئاگادارنەکرابووینەوە و بەشداریشمان لە هێرشەکاندا نەکرد".
 
بە گوێرەی ئەو سەرچاوە دیپلۆماسییە بۆ رووداو، فەرەنسا "پابەندە بە سەقامگیری ناوچەیی و ئاسایشی ئیسرائیل؛ داوای کەمکردنەوەی گرژییەکان بە زووترین کات دەکەین. زیادکردنی گرژییە ناوچەییەکان لە بەرژەوەندی کەسدا نییە. بەیەکەوە لەگەڵ ئەڵمانیا و بەریتانیا و تەواوی ئەورووپا ئامادەی رۆڵبینینین بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان". 
 
لە نیسانی ئەم ساڵەوە پێنج گەڕی دانوستاندن لەنێوان ئێران و ئەمریکا لەبارەی پڕۆگرامی ئەتۆمی تارانەوە لە مەسقەت و رۆما بەڕێوەچوون. بڕیاربوو رۆژی یەکشەممە گەڕی شەشەمیش بەڕێوەبچێت، بەڵام رۆژێک پێشتر بەرپرسانی عومان هەڵوەشانەوەی کۆبوونەوەکەیان راگەیاند، ئەوە دوای ئەوەی رۆژێک پێشتر، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بەردەوامبوونی دانوستاندنەکانی بە "بێ مانا" ناوبرد. 
 
وەزارەتی دەرەوەی فینلاند بۆ رووداو: داوای دوورکەوتنەوە لە رێکاری سەربازی دەکەین 
 
وەزارەتی دەرەوەی فینلاند لەبارەی جەنگی ئیسرائیل-ئێرانەوە بە رووداوی راگەیاند: "باڵیۆزخانەکانی فینلاند لە ناوچەکەدا لە کاری ئاسایی خۆیان بەردەوامن"؛ گوتیشی: "داوای کارکردن بە دیپلۆماسی و دوورکەوتنەوە لە رێکاری سەربازی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەین". 
 
وەزارەتەکە لەبارەی چۆنیەتی کاریگەری جەنگی ئیسرائیل-ئێران دەشڵێت: "پرسی ئاسایشیی ناوچەیی ناتواندرێت بەبێ رێککەوتنی سیاسی چارەسەربکرێت. لەکاتی زیادبوونی گرژییەکاندا ئەو هاووڵاتییانەی نزیک لە گرژییەکانن زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت و ئەمەش مایەی نیگەرانی زۆرە"؛ ئاماژەی بەوەش کرد: "زیادبوونی گرژییەکان کاریگەری لەسەر تەواوی ناوچەکە، سەقامگیری جیهانی دەبێت و دەبێتەهۆی ناسەقامگیری کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری". 
 
وەزارەتەکە لەبارەی هەڵوێستی وڵاتەکەشییەوە گوتی: "فینلاند وەک بەشێک لە 27 وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا پاڵپشتی چارەسەری دیپلۆماسی بۆ رێگری لە زیادبوونی گرژییەکان دەکات". 
 
هەڵوێستی ئەو وڵاتانە لەکاتێکدایە، ئیسرائیل و ئێران هەڕەشەی هێرش و وەڵامدانەوەی تووند لە یەکدی دەکەن. 
 
دەقی وەڵامی سەرچاوە دیپلۆماسییە فەرەنسییەکە بۆ رووداو: 
 
"ئامانجی لە پێشینەی فەرەنسا سەلامەتیی هاووڵاتی و کارمەندانیەتی لە ناوچەکە. تیمە فریاگوزارییەکان لە پاریس و باڵیۆزخانەکانمان لە ناوچەکە تەواو ئامادەن بۆ هاووڵاتییانمان. هێڵێکی پەیوەندی بۆ هاووڵاتییانمان دابینکراوە و بانگهێشتی هاووڵاتییانمان لە ناوچەکە دەکەین خۆیان لە (ئەیەرەین) تۆماربکەن و پەیڕەوی رێنماییەکانی گەشتکردن بکەن. ئاگاداری بڕیاری حکومەتی ئیسرائیلین بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی، ئێمە نە پاڵپشتیمان کردووە و نەبەشداریشمان تێیدا کردووە. ئێستا، داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین دانبەخۆیاندا بگرن و دەست بە گفتوگۆ بکەن بۆ رێککەوتن لەبارەی پڕۆگرامی ئەتۆمی. پێش هێرشەکان، لەلایەن ئیسرائیلەوە ئاگادار نەکرابووینەوە و بەشداریشمان نەکرد. ئێمە پابەندی سەقامگیری ناوچەیی و ئاسایشی ئیسرائیلین. داوای کەمکردنەوەی گرژییەکان دەکەین بە زووترین کات. زیادکردنی گرژییە ناوچەییەکان لە بەرژەوەندیی کەسدا نییە. بەیەکەوە لەگەڵ ئەڵمانیا و بەریتانیا و تەواوی ئەورووپا ئامادەی رۆڵبینینین بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان."
 
دەقی وەڵامی وەزارەتی دەرەوەی فینلاند بۆ رووداو: 
 
"باڵیۆزخانەکانی فینلاند لە ناوچەکەدا لە کاری ئاسایی خۆیان بەردەوامن. داوای کارکردن بە دیپلۆماسی و دوورکەوتنەوە لە رێکاری سەربازی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەین. ناتوانرێت پرسی ئاسایشی ناوچەیی بەبێ چارەسەری سیاسی چارەسەربکرێت. لەکاتی زیادبوونی گرژییەکاندا، ئەو هاووڵاتییانەی نزیک لە گرژییەکانن زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت و ئەمەش مایەی نیگەرانی زۆرە. زیادبوونی گرژییەکان کاریگەری لەسەر تەواوی ناوچەکە، سەقامگیری جیهان دەبێت و دەبێتە هۆی ناسەقامگیری کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری. فینلاند وەکو بەشێک لە 27 وڵاتی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا پاڵپشتی چارەسەری دیپلۆماسی بۆ رێگری لە زیادبوونی گرژییەکان دەکات".