هاووڵاتییەکی عێراقی بە تۆمەتی ئەندامبوونی داعش لە ئەڵمانیا دەستگیر دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
داواکاری گشتی فیدراڵیی ئەڵمانیا رایگەیاند، هاوڵاتییەکی عێراقییان دەستگیرکردووە و بە ئەندامبوون لە داعش تۆمەتبار دەکرێت.
بەپێی راگەیێندراوی داواکاری گشتی فیدراڵی، ئەزهەر (تۆمەتبارەکە) لە ئایاری ساڵی 2014 پەیوەندیی بە داعشەوە کردووە و تاوەکو تشرینی دووەمی 2016 لە چەندین یەکینەی جیاوازی رێکخراوەکە شەڕی کردووە.
ئەزهەر ئەمڕۆ سێشەممە، 17-6-2025، لە شاری هالە لە هەرێمی زاکسن ئەنهالت دەستگیرکراوە. هیچ زانیارییەکی زیاتر لەبارەی تەمەن و شوێنی لەدایکبوون، کات و ساتی چوونی بۆ ئەڵمانیا لەلایەن داواکاری گشتییەوە ئاشکرا نەکراون.
هەر ئەمڕۆ هاوڵاتییە عێراقییەکە دەبردرێتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە و دواتر رێڕەوی لێکوڵینەوە و دادگاییکردنەکە دەسنیشاندەکرێت.