جەی دی ڤانس: ئێران رێگە ئاسانەکەی رەتکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە لووتکەدایە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە راگەیێنراوێکدا بەرگری لە سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ دەکات و رایدەگەیێنێت، ئێران ئەو رێگە ئاسانەی رەتکردەوە کە لەلایەن ئەمریکاوە پێشکێشی کرا بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئەتۆمی. جەختیش دەکاتەوە کە سەرۆکی ئەمریکا تەنیا بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی گەلی ئەمریکا هێزی سەربازی بەکاردەهێنێت.
رۆژی سێشەممە 17-06-2025 جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "سەرۆک ترەمپ ماوەی 10 ساڵە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر یەک هەڵوێستی هەبووە، ئەویش ئەوەیە کە نابێت ئێران خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت. لە چەند مانگی رابردوودا، هانی تیمی سیاسەتی دەرەوەی دا تاوەکو رێککەوتنێک لەگەڵ ئێرانییەکان بکەن بۆ گەیشتن بەم ئامانجە. سەرۆک بە روونی رایگەیاندووە کە نابێت ئێران توانای پیتاندنی یۆرانیۆمی هەبێت و دووپاتیکردووەتەوە کە ئەمە بە یەکێک لە دوو رێگە روودەدات: رێگەی ئاسان یان رێگەکەی دیکە."
ڤانس جیاوازیی کرد لەنێوان "وزەی ئەتۆمیی مەدەنی" و "پیتاندنی یۆرانیۆم" و رایگەیاند: "ئەم دووانە پرسی جیاوازن. ئێران دەیتوانی وزەی ئەتۆمیی مەدەنی هەبێت بەبێ پیتاندن، بەڵام تاران ئەوەی رەتکردەوە. لە هەمان کاتدا، یۆرانیۆمیان تا ئاستێک پیتاندووە کە زۆر لەوە زیاترە بۆ هەر مەبەستێکی مەدەنی پێویست بێت."
ناوبراو ئاماژەی بە راپۆرتەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) کرد کە ئێرانی بە پێشێلکردنی پابەندبوونەکانی تۆمەتبار کردووە و گوتی: "تا ئێستا یەک بەهانەی باشم نەبینیوە بۆ ئەوەی ئێران بۆچی پێویستی بە پیتاندنی یۆرانیۆم بووە لە سەرووی ئاستی مەدەنییەوە. یەک پاساوی باشم نەبینیوە بۆ ئەوەی ئێران بۆچی پابەندییەکانی پێشێل کردووە."
'ترەمپ ئارامگر بووە'
جەی دی ڤانس ستایشی سیاسەتی ترەمپی کرد و گوتی: "سەرۆک دانبەخۆداگرییەکی بەرچاوی نیشانداوە لەوەی کە سەرنجی سوپاکەمان لەسەر پاراستنی سەربازەکانمان و هاووڵاتییانمان بێت. رەنگە بڕیاربدات کە پێویستە هەنگاوی زیاتر بنێت بۆ کۆتاییهێنان بە پیتاندنی ئێران. ئەمە لە کۆتاییدا بڕیاری سەرۆکە."
لە کۆتاییدا، جێگری سەرۆکی ئەمریکا دڵنیایی دایە گەلی ئەمریکا و گوتی: "من باوەڕم وایە سەرۆک متمانەی لەسەر ئەم پرسە بەدەستهێناوە. دوای بینینی ئەم دۆخە لە نزیکەوە، دڵنیاتان دەکەمەوە کە ئەو تەنیا ئارەزووی بەکارهێنانی سوپای ئەمریکای هەیە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی گەلی ئەمریکا."
شەڕی راستەوخۆی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە لووتکەدایە و ئەمریکا جموجووڵی سەربازیی بەرچاوی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە، لەوانەش ناردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری USS Nimitz. لێدوانەکەی ڤانس وەک هەوڵێک بۆ ئاراستەکردنی رای گشتیی ناوخۆی ئەمریکا لێکدەدرێتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ترەمپ رایگەیاندبوو کە ئارەزووی تێوەگلانی زیاتر لە "سیاسەتی دەرەوەی گەمژانە"ـی 25 ساڵی رابردوودا نییە.