وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: مووشەک ئاراستەی سەربازانمان بکرێت، لێکەوتەی دەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی چەند پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداو دا رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا بە روونی رایگەیاندووە واشنتن بەشێک نەبووە لە ‌هێرشەکانی ئیسرائیل لە دژی ئێران. بەڵام ئاماژەشی بەوە کرد کە ئەگەر هەر لایەک هاووڵاتی و سەربازانی ئەمریکی لە ناوچەکە بکاتە ئامانج، ئەمریکاش کاردانەوەی دەبێت. 
 
رۆژی سێشەممە، 17ی حوزەیرانی 2025، تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، وەڵامی چەند پرسیارێکی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداوی لە واشنتن دایەوە، بە تایبەت لەبارەی دوایین هەڵوێستی ئیدارەی ترەمپ بەرامبەر بە هەڕەشەکانی گرووپە میلیشیاکانی عێراق بۆ بە ئامانجگرتنی پێگە و سەربازانی ئەمریکا لە ناوچەکە و هەروەها جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران. 
 
لەبارەی هەڕەشەی گرووپە میلیشیاکانی عێراق بۆ ئەگەری هێرشکردنە سەر سەربازانی ئەمریکی، تامی برووس بە رووداوی راگەیاند: "دووبارە نامەوێت قسە لەسەر سرووشتی چۆنێتی وەڵامدانەوەی کۆشکی سپی، سەرۆک و وەزارەتی بەرگری بەرامبەر بەو جۆرە لێدوان و داواکارییانە بکەم. بۆیە دەبێت پرسیار لە وەزارەتی بەرگری بکەن سەبارەت بە کاردانەوەیان. لە ئەمڕۆوە دەمەوێت ئەوەش بڵێم کە دەزانم سەرۆک لەسەر تۆڕی سۆشیال ترووس، قسەی کردووە و زۆر بە روونیی رایگەیاندووە، تەنانەت پێموایە ئەمڕۆش وادەزانم لێرە لامە، ئەمە، جارێکی دیکە یەکێکە لەو شتانەی لەبارەی سەرۆک ترەمپەوە فێری بووین: کاتێک تویتێک دەکات یان قسە دەکات، جیهان چاوی لەسەریەتی و ئەمە روونترین چوارچێوەیە بۆ تێگەیشتن لە هەڵوێستەکەی. بەڵام ئەو زۆر بە روونیی رایگەیاندووە کە ئێمە نامانەوێت مووشەک ئاراستەی هاووڵاتی و سەربازانی ئەمریکی بکرێت، ئەگینا ئارامیمان نامێنێت." 
 
هەروەها گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە درێژەی وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی دیار کوردە، دەڵێت: "ئێمە بەشێک نەبووین لە دەستپێکردنی ئەم ناکۆکییە، بێگومان ئێمە بەشێک نین لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران. ئەمە بەرای من، زۆر بە روونی لەلایەن وەزیر روبیۆ و سەرۆکەوە راگەیێندرا، گرنگە خەڵک ئەمە بزانێت. بێگومان لەم حاڵەتەشدا، سەرۆک روونیکردووەتەوە کە ئەگەر زیان بە ئەمریکییەکان بگات، یان مووشەک ئاراستەی خەڵکی سڤیل یان سەربازانی ئەمریکی بکرێت، ئەوا کاردانەوەی دەبێت، پێموایە ئەمەش جێی سەرسوڕمان نابێت." 
 
لێدوانەکانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی لە کۆبوونەوەدایە لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانی و گەورە راوێژکارانی بۆ بڕیاردان لەوەی بەشداری لە جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران بکات و هاوکاریی ئیسرائیلییەکان بکات.