لە سوودان خۆپێشاندەران داوا لە سوپا دەکەن دەسەڵات رادەستی خەڵک بکەن
رووداو دیجیتاڵ
هەزاران کەس لە خەرتوومی پایتەختی سوودان، دژی سوپا خۆپێشاندان دەکەن و داوای رادەستکردنی دەسەڵات بە بەرەی سڤیل دەکەن.
لە شەوی شەممە 16-7-2022وە، هەزاران کەس رژاونەتە سەر شەقامە سەرەکییەکانی خەرتووم و دژی سوپای وڵات خۆپێشاندان دەکەن و داوای رادەستکردنی دەسەڵات بە بەرەی سڤیل دەکەن. لە نیسانی ساڵی 2019دا و لە ئەنجامی خۆپێشاندانی چەند مانگەی خەڵک و رێکخراوە سیڤیلەکان و ئۆپۆزیسیۆنی سوودان، دەسەڵاتی سێ دەیەی عومەر بەشیر، سەرۆکی ئەوکاتی سوودان رووخا و بەشیر زیندانیکرا.
لە ئابی 2019دا، سوپای سوودان و بەرەی سیڤیل رێککەوتنی فەرمانڕەوایەتی وڵاتیان بە ناوی "بەڵگەنامەی دەستووری" واژۆکرد و " ئەنجوومەنی سەروەرییان" پێکهێنا کە تێیدا ژمارەی ئەندامە سەرباز و سیڤیلەکان یەکسان بوون و بە گوێرەی رێککەوتنەکە، دەبوایە لە ماوەی 39 مانگدا کە بە قۆناخی کاتی فەرمانڕەوایەتی وڵات دانرا، سوپا بۆ ماوەی 21 مانگ دەسەڵات بگرێتە دەست و پاشان رادەستی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن بکرێت کە بۆ ماوەی 18 مانگ فەرمانڕەوایەتی وڵات دەکات.
لە 25ـی تشرینی یەکەمی ساڵی 2021، عەبدولفەتاح بورهان، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەروەری، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی سەروەری و ئەنجوومەنی وەزیرانی دەرکرد و باری نائاسایی راگەیاند و هەڵمەتی دەستگیرکردنی بەرپرسانی ئۆپۆزیسیۆنی دەستپێکرد.
بەرەی ئۆپۆزیسیۆن کە پاڵپشتی بەشی زۆری شەقامی سوودانی لەگەڵە، دژی دەسەڵاتی سەربازی خۆپێشاندانیان کرد و بە " خیانەت"کردن لە رێککەوتنی دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشیر تۆمەتباریان کردن.
خۆپێشاندەران شەقامە سەرەکییەکانی ناوەڕاستی خەرتوومیان داخست و درووشمی دژ بە دەسەڵاتی سەربازییان بەرزکردەوە. سوپای وڵات لە وەڵامی خۆپێشاندەران، گولـلەی پلاستیکی و گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا و رێگەی سێ پردی سەرەکی شارەکەیان داخست.
هەروەها خۆپێشاندەران داوای لێپرسینەوە و سزادانی بکوژانی خۆپێشاندەرانیان کرد کە بەگوتەی ئۆپۆزیسیۆن سەرووی 114 کەسن.
رۆژی 4ـی ئەم مانگەش عەبدولفەتاح بورهان، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکی ئێستای سوودان، کشانەوەی لە گفتوگۆکان لەگەڵ هێزە سیاسییەکان راگەیاند.
ئۆپۆزیسیۆنی سوودان بڕیارەکەی بورهانی بە هەوڵدان بۆ لەنێوبردنی "شۆڕشی" سیڤیلی وڵات و جێگیرکردنی دەسەڵاتی سەربازی ناوبرد و داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد نێوەندگیری بکەن لە چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی وڵات و گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئابی ساڵی 2019.