بەریتانیا کۆمەڵێک سزای نوێ بەسەر رووسیادا دەسەپێنێت

رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی بەریتانیا کۆمەڵێک سزای بەسەر رووسیادا سەپاند و رایگەیاند، سەپاندنی سزاکان بەهۆی "هەوڵەکانی رووسیایە بۆ تێکدانی ناسنامەی نیشتیمانی ئۆکراینا" و رووسیای بەوە تۆمەتبارکرد کە منداڵانی ئۆکراینا بۆ ئەو ناوچانە رادەگوێزێت کە لە ئۆکراینا دەستی بەسەردا گرتوون. 
 
رۆژی دووشەممە، 17ـی تەممووزی 2023، جەیمس کلێڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە راگەیێندراوێکدا، 14 سزای نوێی بەسەر چەند کەسایەتییەکی رووسیادا سەپاند و لەنێو سزادراوەکاندا هەریەکە لە سێرگی کراڤستۆڤ، وەزیری پەروەردەی رووسیا و سێنا میشۆنۆڤا، سەرۆکی دەستەی مافەکانی مرۆڤی ناوچەی مۆسکۆ هەن وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا دەڵێت، هەردوو کەسایەتییەکە، "رۆلێکی کاریگەریان لە بەرنامەی دیپۆرتکردنەوەدا هەیە بۆ ئەوەی کولتوور و ناسنامەی نیشتمانی ئۆکراینا بسڕنەوە."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، "زیاتر لە 19 هەزار منداڵی ئۆکراینی بەشێوەیەکی زۆرەملێ بەرەو رووسیا و ئەو ناوچانەی کە رووسیا لە ئۆکراینا کۆنتڕۆلی کردوون راگوێزراون." 
 
منداڵە ئۆکراینییەکان، بەگوتەی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، "بەرەو کەمپەکان گوێزراونەتەوە و دووبارە پەروەردە دەکرێنەوە و فێری کولتووری رووسی و نیشتمانپەروەری دەکرێن و پەروەردەی سەربازییان پێدەدرێت."
 
کراسۆڤسکی، رۆژنامەڤانی رووسی لە لیستی سزادراوەکانی بەریتانیادا هەیە و وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا هۆکارەکەی گەڕاندووەتەوە بۆ "بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی ناراست کە بوونەتە هۆی هاندانی تووندوتیژی، رق و کینە بەرامبەر بە ئۆکراینا و گەلەکەی."
 
ئۆلگا لیومبیمۆڤا، وەزیری کولتووری رووسیا یەکێکی دیکەیە لە سزادراوان کە تۆمەتی "بەکارهێنانی پۆستەکەی بۆ پشتگیریکردنی سیاسەتی رووسیا دژی ئۆکراینا" دراوەتەپاڵ. 
 
دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا لە شووباتی 2022، ئەمریکا، بەریتانیا و وڵاتانی ئەوروپی بەردەوام رووسیایان بەوە تۆمەتبارکردووە کە منداڵانی ئۆکراینی دەگوازێتەوە ئەو ناوچانەی کە لە ئۆکراینا کۆنتڕۆڵی کردوون.
 
لەدوای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لە شووباتی 2022دا، ئەمریکا، بەریتانیا و وڵاتانی رۆژئاوا زیاتر لە هەزار و 600 بەرپرس و کەسایەتی رووسیان خستوونەتە لیستی سزاکانیانەوە.