لە کۆنگرەی نیشتمانیی کۆمارییەکانی ئەمریکا سەگێک پێشبینی سەرکەوتنی ترەمپ دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لەوانەیە دووەم رۆژی کۆنگرەی نیشتمانیی کۆمارییەکان لە ئەمریکا هێندەی یەکەمی گرنگ نەبێت، بەڵام پێدەچێت گەرمتر و سەیروسەمەرەتر بێت.
سەگێکی "بوڵدۆگ" براوەتە کۆنگرەکە کە بە رەچەڵەک بەریتانییە و حاکمی ویلایەتی ڤێرجینیای رۆژئاوا خاوەنییەتی کە کۆمارییە، ناوی "بەیبی دۆگ"ـی لێناوە، هاوشانی خۆی بەشداریی کۆنگرەکەی پێکرد. سەگەکە پێشبینی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و کۆنگرێسی ئەمریکا کرد.
جێم جەستیس، حاکمی ویلایەتی ڤێرجینیای رۆژئاوا گوتی: "بەیبی دۆگ پێشبینییەکی بۆ هەموومان هەیە. بەیبی دۆگ دەڵێت، 'ئێمەی کۆماری دەبینە زۆرینەی کۆنگرێس، ترەمپیش براوەی هەڵبژاردن دەبێت.' ئەم پێشبینییەی کردووە، چونکە ئێمە شیاوی ئەو سەرکەوتنەین".
لە دەرەوەی پێشبینییەکانی "بەیبی دۆگ"، بابەتی یەکگرتن و وەستان لەپشت ترەمپ لای کۆمارییەکان بابەتە. هەندێ هۆکارەکەی بۆ "هەوڵی کوشتنی ترەمپ" دەگەڕێننەوە.
مێگ کینارد، شرۆڤەکاری سیاسی لەوبارەیەوە دەڵێت: "شەوی دووەمی کۆنگرەی نیشتمانیی کۆمارییەکان پڕ لە گوتاری یەکگرتن بوو. ئەو بەربژێرانەی دژی ترەمپ وەستابوون لێرە لە میلوۆکی، پشتگیری خۆیان بۆ ئەو دەربڕی".
لە ڤیڤێک رامسوۆمی، بەربژێری پێشوو سەر بە ویلایەتی ئۆهایۆوە بیگرە تاوەکو نیکی هەیلی سەر بە کارلۆلاینای باشوور، رۆن دیسانتێسی سەر بە فلۆریدا و چەند بەربژێرێکی دیکە پشتگیری خۆیان دەربڕی.
ڤیڤێک رامسوۆمی، بەربژێرێكی پێشووی کۆمارییەکان ئاماژەی بەوەکرد، کە "ئەگەر دەتەوێت شکۆی نیشتمان و مەزنی ئەمریکا زیندوو بکەیتەوە، دەنگ بە ترەمپ بدە".
هەروەها نیکی هەیلی، بەربژێرێكی پێشووی کۆمارییەکانە، گوتی: "سەرۆکە بەهێزەکان وەک ترەمپ، شەڕ هەڵناگیرسێنن، رایان دەگرن".
لە رۆژی سێیەمدا ڤانس، جێگری سەرۆک و لە چوارەمدا ترەمپ گوتار پێشکێش دەکەن؛ چاوەڕێ دەکرێت لەسەر ئاستی ناوخۆ بانگەشەی یەکخستنەوەی گەل و نیشتمان بکەن؛ لە سیاسەتی دەرەوەش سەرنجەکان لەسەر چین و هەردوو شەڕی غەززە و ئۆکراینا دەبێت.