ئۆکراینا بۆ ساڵێک خزمەتی سەربازی 24 هەزار دۆلار دەداتە گەنجان
رووداو دیجیتاڵ
یەکەیەکی سوپای ئۆکراینا لە نزیک شاری کیێڤ، مەشق بە ژمارەیەک گەنجی خۆبەخشی ئۆکراینا دەکرێت. وڵاتەکە بەمەبەستی پڕکردنەوەی قەیرانی سەرباز، پەنای بۆ گەنجان بردووە.
مالا، سەربازێکی خۆبەخشە و دەڵێت، "ئێمە پێویستمان بە پشتیوانیی هاوبەشە رۆژئاواییەکان و یەکڕیزیی خودی ئۆکرانییەکانیش هەیە، چونکە بەبێ ئەمە، تاوەکو ناکۆک بین، هیچ شتێک سەرناگرێت."
گۆس، سەربازێکی دیکەی خۆبەخشە و باس لەوە دەکات، "بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە شەڕ گەیشتووەتە بنبەست و زوو یان درەنگ رەنگە هەوڵێک بۆ ئاگربەست بێتە ئاراوە، پێموایە کە نە درێژخایەن دەبێت و نە جێی متمانەش دەبێت. چونکە ئەمە شەڕی مان و نەمانە، شەڕە لەسەر مانەوەی دەوڵەتەکەمان."
لە کاتێکدا ئۆکراینا چاوەڕێی گەیشتنی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکایە بۆ رووبەڕووبوونەوەی رووسیا، سوپای وڵاتەکە بەمەبەستی پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی؛ هانی ئەو گەنجانە دەدات کە تەمەنیان لە خوار 25 ساڵە ببنە سەرباز بۆ ئەو مەبەستەش پرۆگرامێکی نوێی دیاریکردووە کە بە خزمەتێکی کورتخایەن، پارەیەکی باشیان دەداتێ.
لە ساڵی 2024، ئۆکرانیا مانگانە نزیکەی 30 هەزار کەسی بۆ خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ بانگهێشت دەکرد.
بەڵام بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی فەرماندە سەربازییەکان؛ بۆ ئەوەی سوپای ئۆکراینا توانای شەڕکردن و پێکهێنانی یەکەی نوێی هەبێت؛ سوپا پێویستی بە نزیکەی 500 هەزار سەربازی نوێ هەیە.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لەوبارەیەوە دەڵێت، "ئێمە لەگەڵ هاوبەشەکانماندا کاردەکەین لەسەر دابینکردنی پێداویستیی نوێ، زیادکردنی بەرهەمهێنانی چەک لە ئۆکرانیا، و پڕچەککردنی سوپا و سەربازانمان."
بەگوێرەی ئەو بەرنامە نوێیەی بانگهێشتکردنی سەربازیی؛ هەر ئۆکراینانییەک گرێبەستی خزمەتی سەربازیی واژۆ بکات، بەدرێژایی یەک ساڵ خزمەتەکەی؛ نزیکەی 24 هەزار دۆلار وەردەگرێت.