پۆلیسی نیویۆرک: بە چەک هێرشکراوە و 3 کەس کوژران
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی نیویۆرک رایگەیاند، لە بەرزاییەکانی کراون لە نیو یۆرک کەسێک تەقەی لە ژمارەیەک هاووڵاتی کرد و سێ کەس کوژران. دەشڵێت، تۆمەتبار دەستگیرنەکراوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.
رۆژی یەکشەممە، 17ـی ئابی 2025، پۆلیسی نیویۆرک بڵاویکردەوە، "دوای دەقەمەقاڵێی نێوان دوو کەس تەقە کرا و بەهۆیەوە سێ کەس کوژراون و 7ـی دیکەش بریندار بوون". دەشڵێت، تەقەکە لە بەرزاییەکانی کراون بووە لە ناوچەی برۆکلین کە ژمارەیەک کافێ و رێستۆرانتی لێیە.
پۆلیسی نیو یۆرک ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا کەس دەستگیرنەکراوە و هیچ زانیارییەکیان لەبارەی تەقەکەرەکەوە نییە. گوتیشی، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن و بریندارەکان گوێزراونەتەوە نەخۆشخانە.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی پۆلیسی نیویۆرک، تەقەکە کاژێر 03:30 خولەکی بەرەبەیان بەکاتی نیویۆرک (10:30 خولەک بەکاتی هەولێر) روویداوە.
ئەمریکا یەکێکە لەو وڵاتانەی ساڵانە ژمارەیەکی زۆر رووداوی تەقەکردنی تێدا روودەدات، بەشێکی بەهۆی کۆنترۆڵنەکردنی چەکە لە دەستی حکومەت و ئاسانی دەستکەوتنیەتی لە بازاڕەکاندا.
بە گوێرەی ماڵپەڕی گەن ڤایۆلێنس (تووندووتیژی چەک) ئەرکایڤی ئەمریکی، پار لەو وڵاتە 41 هەزار و 6 کەس بە چەک کوژراون لە کاتێکدا پێرار ژمارەکە 43 هەزار و 302 کەس بوو.